ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو هێزێكی میلیشیاكانی حەشد شەعبی چوونەتە سەر دوو گوندی كوردنشینی شارۆكەی دوبز و پشتگیریان لە عەرەبی هاوردە كردووە، ئەوان بەڵێنیان وەرگرتووە لە زەویوزاری كوردی دوو گوندەكە پشكدار بكرێن.
بەرپرسی میلیشیاكان دەستیان بە داگیركردنی زەوی جووتیارانی كورد كردووە
جەمال رەفیق، جووتیارێكی گوندی مامە بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، پێشتر خۆمان بەرەنگاری عەرەبی هاوردە دەبوینەوە، كەچی ئێستە میلیشیاكان بەهێزەوە پاڵپشتیان لێ دەكەن، كاتێك زیاتر لە 400 دۆنم زەوی گوندەكانی "مامەگ و "عەلی غەیر"، دەستی بەسەردا گیراوە و لە ترسی حەشدی شەعبی ناوێرین وەریان گرینەوە، بۆیە بەهۆی نەمانی زەوی لە چۆڵكردنی ناوچەكە نزیك بوینەتەوە.
پێوەست بەو دۆسیە عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی كەركووك بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، ئەوان وەك پۆلیس ئاگەدارن، بەڵام ئەو كێشانەی تایبەتن بە زەویوزار لیژنەی بۆ پێكهێنراوە.
لای خۆیەوە جەواد محەمەد، بەپرسی لیژنەی ناوچەی دوبزی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی گوت، جووتیارانی كورد ئەو دوو گوندە چۆڵ دەكەن، هاتنەپێشی حەشد بۆ هاوكاریی عەرەبی هاوردە، بۆ پشكداركردنیانە لەو زەویانەی داگیر دەكرێن، زانیاریمان هەیە كە جگە لە عەرەبی هاوردە، بەرپرسی میلیشیاكانیش دەستیان بە داگیركردنی زەوی جووتیارانی كورد كردووە.
لای خۆیەوە حەسەن محەمەد، ئەندامی لیژنەی چارەسەری كێشەی زەویوزاری جووتیاران، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد كە لە دادگە سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار دەكەین كە پشتگیری لە عەرەبی هاوردە كەن.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی