تا ئێستە بوونی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا، لەوانە لە شنگال و دەشتی نەینەوا، نیشانەی پرسیاری لەسەرە، سەرۆكی حزبێكی عێراقی پەكەكە و حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی پێشێلكاری فرەوان لە دەشتی نەینەوا تۆمەتبار دەكات.
بە رەزامەندی حكوومەتی عێراق و زانیاری دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان كار دەكەن
غەیس تەمیمی، سەرۆكی پارتی مواتەنەی عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، دەستەی حەشدی شەعبی پاڵپشتی لە پارتی كرێكارانی كوردستان و رێكخراوەكانی سەر بەو حزبە لە ناوچەی دەشتی نەینەوا دەكات، ئەوان بەیەكەوە كوشتن و رفاندن و زەوتكردنی موڵكوماڵ و زەویوزاری خەڵك لە ناوچەكەدا ئەنجام دەدەن.
ئەو سیاسەتوانە وریایی لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری دیمۆگرافی لەو ناوچانە دا، ئەوەیش بە رەزامەندی حكوومەتی عێراق و دەستتێكەڵكردنی روونی دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە 9ی تشرینی یەكەمی 2020 رێككەوتنێكی مێژوویان لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شارۆكەی شنگال و دەوروبەری واژوو كرد، كە یەكێكە لە ناوچە كێشەلەسەرەكانی نێوان هەردوولا، بەپێی رێككەوتنەكە هێزە چەكدارە نافەرمییەكان لەو ناوچەیە دوور دەخرێنەوە، هاوكات پۆلیسی ناوخۆیی دادەمەزرێ و دەست بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و رێخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی خەڵكەكەی دەكرێت.
بەرانبەر بە واژووكردنی رێككەوتنەكە، پارتی كرێكارانی كوردستان و حەشدی شەعبی ناڕەزایەتی توندیان بەرانبەری پێشان دا و تا ئێستە بەربەستیان بۆ جێبەجێكردنی دروست كردووە، ئەوەیش نائومێدی لەنێوان شنگالییەكان دروست كردووە.