لە كۆتایی مانگی رابردوو حكوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی رەوانەی پەرلەمان كرد، سەرەتای هەفتەی رابردوو دەست كرا بە خوێندنەوە و گفتوگۆكردن لەبارەی پڕۆژەكە كە لە 58 مادە پێكهاتووە، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان كۆتایی بە تاوتوێكردنی پڕۆژەكە هات.
پەرلەمانتاران داوای خەرجكردنی پارەی جووتیارانیان كرد
بەپێی
بەیاننامەیەك لە دانیشتنی 35ی ئەمڕۆی پەرلەمان كە بە سەرۆكایەتی حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆك پەرلەمان ساز كرا، پەرلەمانتاران داوایان كرد داهاتەكان دادوەرانە لە نێوان پارێزگاكاندا دابەش بكرێت، لەگەڵ رەچاوكردنی خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلار و بەشێك لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان و زیادكردنی پارەی سندووقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانكراوەكان و سەپاندنی باج بەسەر كاڵای هاوردەكراو.
هەروەها گرنگیدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و تەواوكردنیان و بەگەڕخستنەوەی كارگەی لە پارێزگاكان، بە گشتی 162 داوا ئاراستەی لیژنەی دارایی كراوە پێوەست بە پڕۆژەكە و خشتەیەك بۆ وەڵامدانەوەیان دادەنرێت، ئاماژە كرا كە دیاریكردنی نرخی بەرمیلی نەوت و گۆڕینەوەی دۆلار لە دەسەڵاتی حكوومەتە و بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە پێویستە خەرجییەكان كەم بكرێتەوە و كەرتی تایبەت كارا بكرێت.
لای خۆیەوە د بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، كە سەرۆكایەتی بەشێك لە دانیشتنەكانی كرد، داوای لە لیژنەكان كرد بۆ هاریكاریكردنی یەكتر بۆ تێپەڕكردنی پڕۆژەكە بە زووترین كات، هەروەها بەپێویستی زانی حكوومەت خەرجییەكان كەم بكاتەوە و داهات زیاتر بكات بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنان، جیا لەوە كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها پەرلەمانتاران داوای خەرجكردنی پارەی جووتیارانیان كرد، دوای ئەوە دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار راگیرا و بڕیارە لە دانیشتنەكانی داهاتوودا دەنگ لەسەر بڕگە و مادەكانی پڕۆژەكە بدرێت.