نرخی تمەن هەڵكشا

:: AM:09:54:17/01/2021 ‌
نرخی تمەنی ئێرانی لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و دوای چەندان مانگ لە دابەزین، خەریكە زیاتر بەرز دەبێتەوە.

لە سەرەتای بەهاری رابردوو، نرخی هەر دۆلارێك بە 16 هەزار تمەن بوو و دواتر لەگەڵ پەرەسەندنی سزاكانی ئەمەریكا، بۆ 32 هەزار تمەن دابەزی كە نزمترین نرخی ئەم دراوەیە بەرانبەر دۆلار تۆمار كرابێت.

سەرەتای پایزی رابردوو دوای ئەوەی بانكی ناوەندی ئێران كۆمەڵێك دۆلاری خستە بازاڕەوە، نرخی تمەنیش هەڵكشا و بۆ چەندان مانگ لە نێوان 24 هەزار تا 26 هەزار تمەن جێگیر بووبوو.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، دوو رۆژە نرخی تمەن زیاتر بەرز بووەتەوە و بۆ خوارووی 23 هەزار تمەن دابەزیوە.

حکوومەت دەیەوێت نرخی دۆلار بۆ 10 تا 11 هەزار تمەن كەم بكاتەوە


هەفتەی رابردوو ئەمیر حوسێن قازیزادە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران گوتی، حكوومەت بەتەمایە لەگەڵ دەستپێكردنی حكوومەتی بایدن، دۆلار بڕژێنێتە بازاڕ و نرخی دۆلار بۆ 10 تا 11 هەزار تمەن كەم بكاتەوە.

ئەو هەنگاوەی ئێران بۆ ئەوەیە رێ بۆ دانوستان لەگەڵ حكوومەتی نوێی ئەمەریكا خۆش بكات. باڵی توندئاژۆی كۆماری ئیسلامی حكوومەتی رۆحانییان بەوە تۆمەتبار كردووە دەیەوێ بڕیارە گرنگەكان لە كاتی دەستپێكردنی حكوومەتی بایدن بدات، بەمەش كەشێكی لەباری دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا بێنێتە كایەوە، بەڵام حكوومەتی ئێران ئەوەی رەت كردووەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان