"پێویستە عەلی باپیر وەڵام بداتەوە ئایا دەرەقەتی پەرلەمانتارەكانی نایەت؟"

:: AM:09:40:19/01/2021 ‌
موحسین جوامێر نووسەری ناسراوی کورد و چاودێری رەوتە ئیسلامییەکانی کوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"، پەردە لەسەر نهێنیی گرووپی 15 و بە دیاریكراوی پیلانەكانی ئەحمەدی حاجی ڕەشید و هۆشیار عەبدوڵا لادەدات و ڕای دەگەیەنێت، خۆفرۆشتن هەر ئەوە نییە تۆ چەك دژی میلەتەكەت هەڵگری، بەڵكو پێویستە بزانرێ كلكایەتی و جاشایەتی جۆری هەیە. هەروەها گوتی پەیامم بۆ عەلی باپیر ناردووە كە بۆچی لە هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەی بێدەنگە، ئایا دەرەقەتیان نایەت یان هۆكارێكی ترە؟ پێویستە وەڵام بدرێتەوە.

كۆمەڵی ئیسلامی بۆچی هەڵوێستی لەسەر چەند پەرلەمانتارێكی نییە، بەنموونە ئەحمەدی حاجی ڕەشید كە هەمیشە دژی هەرێمی كوردستانە؟
پێویستە ئەحمەدی حاجی ڕەشید بزانێ كە خەڵك هەڵیانبژاردووە و حزبەكەی هەڵیبژاردووە تا لە بەغدا بەرگری لە كورد بكات، بۆ پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان كار بكات، بەڵام ئێستە لە بەغدا وەك نەیارێك كار دەكات، من گوتوومە و ئێستەیش دەیڵێم ئەو كابرایە واژووی لەسەر ڕێككەوتننامەیەك كردووە، ناوەڕۆكەكەی بریتییە لەوەی نابێت كوردستان بمێنێت و دەبێ وەك 100 ساڵ پێش ئێستەی لێ بێت.

ئەو كەسانەی ئەو واژووەیان كردووە، لەگەڵ ئەو ئەندام پەرلەمانە خاڵی هاوبەشیان چییە؟
ئەو كەسانە هیچ بەرژەوەندییەكی هاوبەشیان نییە، تەنانەت لەڕووی بیروڕا زۆر لێكدوورن و تەنیا بەرژەوەندییان بریتییە لە دژایەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كەسەی سەرپەرشتی ئەو نووسراوەی كردووە، كەسێكە بڕوای بە هیچ ئاینێك نییە، نازانم چۆن ئەحمەدی حاجی ڕەشید كاری لەگەڵ دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە هەموو جوانییەكی كورد بە ناشیرینكردن پێشان دەدات، ئایا ئەوە جۆرێكی نوێی جاشایەتی نییە؟
جاشایەتی تەنیا بەچەك نییە و جۆری تری هەیە، بۆ نموونە پەرلەمانتارمان هەیە لە بەغدا ڕۆژ تا ئێوارە لە تەلەڤزیۆنەكان باسی هەرێمی كوردستان دەكات، لە كاتێكدا عێراق خۆی ئەو وڵاتە هێندە نەخۆشە لە ڕۆخی مردندایە، هەروەها ئەو دواكەوتنەی ئێستە لە عێراق هەیە، هۆكارەكەی كوردە و بەدیاریكراوی پەرلەمانتارە كوردەكانی كار دژی هەرێمی كوردستان دەكەن، چونكە ئەو پەرلەمانتارانە هێندە هەرێمی كوردستان لە كەناڵە عێراقییەكان بە ناشیرینی باس دەكەن، خەڵكی ئەو ناوچانە دەڵێن ژیانی ئێمە شاهانەیە ئەگەر وابێت.

پێشتر گوتت ئەحمەدی حاجی ڕەشید بە پیلان كار بۆ هەندێك شت دەكات، ئەوە چۆنە؟
پرسیارەكە ئەوەیە كەسێك كە هیچ بۆ هەرێمی كوردستان وڵاتی خۆی نەكات، ئەی چی دەكەیت، بۆیە كەسێك دەست بە هەموو كون و كەلەبەرێكدا بكات، دەبێت بزانین بۆچی وا دەكات، دڵنیابە هۆكاری هەیە، هۆكارەكەی دیارە كە دژایەتی كورد و بەرژەوەندی كوردە و هیچی تر نییە.

لە میدیاكان و لەناو كۆمەڵیش هەست دەكرێت دەنگێكی ناڕازی بەرانبەر ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ هەیە، پێت وایە هۆكارەكەی چییە؟
ئەگەر لەناو كۆمەڵ ناڕەزایەتی بەرانبەری هەبێت، ئەوا مانای وایە لە ڕاستییەكان و لە واقیعی ئەو پەرلەمانتارە تێگەیشتوون كە ئەو پەرلەمانتارە ئێستە نوێنەرایەتی بۆ كورد ناكات، بەڵكو بۆ شوێنی تر كار دەكات، خەریك بوو ئەو پەرلەمانتارە لە دەرگای دادگای فیدڕاڵی دەدا تەنیا بۆ سزادانی خەڵكی كوردستان.

تێڕوانینی تۆ بۆ حزبە ئیسلامییەكان چییە و پێت وایە كامەیان لەبەرەی نیشتمانین؟
من پێم وایە كاركردن بۆ نیشتمان و لەبەریبوونی نیشتمانی ئامرازێكە بۆ مانەوەی حزب، لەناو كۆمەڵی ئیسلامیش كەسانی دڵسۆز هەن و كار دەكەن بۆ كەیسی كورد، بەڵام ئەوە بووەتە پرسیار و بە پەیامێكیش بۆ مامۆستا عەلی باپیرم نارد كە بۆچی لە هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەی بێدەنگە؟ ئایا دەرەقەتیان نایەت یان هۆكارێكی ترە، پێویستە وەڵام بدرێتەوە.

گرووپی 15 ڕاگەیەنرا، ئەو 15 پەرلەمانتارەی ئێستە كوردن و لە بەغدا دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، هۆكارەكەی چییە و ئەگەری خیانەتی نیشتمانی هەیە؟ تێڕوانینی تۆ چییە؟
لەو گرووپە دوو كەسم بەبۆچوونی خۆم دەركردووە، ئەویش موسەنا ئەمین و جەمال كۆچەرە و هەڵوێستی نیشتمانی و كوردانەیان هەیە و ڕۆڵی زۆرباشیان هەبووە، بۆیە بەو گرووپە دەگوترێ گرووپی 13 كەس نەك 15، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەو كەسانەی لەو گرووپەن كە 13 كەسن، ئەو كەسانە كەسی وایان تێدایە موجاهیدن بۆ دژایەتی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستە تێدەكۆشن.

پێشتر كورد بۆ بەرژەوەندییەكی كورد لە بەغدا هەموو شتێكی دەكرد، ئێستە بۆچی یەكڕیزی نەماوە، ئەوە دەستی دەرەكییە؟
شتەكان كۆمەڵێك تێكەڵبوونە و ناتوانرێ هەڵوێستەكان جیا بكرێنەوە، بۆیە هیوادارم ئەو گرووپە با جیاوازییان هەبێت، بەڵام بگەڕێنەوە بەرژەوەندی نیشتمان و بەرپرسانە لەگەڵ پارتی و یەكێتی بەیەكەوە كار بكەن، با هەڵوێستیان جیاواز بێت و جیاوازیش دەبێت، خۆمان بینیمان لە دواین هەڵوێست لەسەر قەرز، هەموویان یەكهەڵوێست بوون، ئەو بۆچوونانە وادەكات دەست نەبرێت بۆ قووتی خەڵكی كوردستان و سڵ بكرێتەوە لەلایەن لایەنە عێراقییەكان، هەروەها هۆشیار عەبدوڵا دەستێكی باڵای هەیە لە باسكردن بە خراپیی هەرێمی كوردستان، بۆیە نازانم گۆڕان چۆن لێی قبووڵ دەكات كە ئەو كارانە دەكات و بە دۆڵ و زوڕنای عەرەب هەڵدەپەڕێت، پێویستە ئەوەش بزانرێت ئەو كابرایە پێش ڕیفراندۆمیش دژی هەرێمی كوردستان بوو.

ئەگەر باسی جیاوازی بكرێت لە نێوان هۆشیار عەبدوڵا و ئەحمەد حاجی ڕەشید، تۆ كامیان بەسەلامەتتر دەزانی بۆ هەرێمی كوردستان؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید زۆر سەلامەتترە لە هۆشیار عەبدوڵا، چونكە هۆشیار عەبدوڵا كاتێك دەگاتەوە بەغدا، هێندە دەبێتە عێراقی، عێراقییەكی یەكجار خراپ و دژی هەموو شتێكی كوردە، لە كاتێكدا ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە كوردستان دەڵێت پێویستە ڕێكبكەوبن و یەكدەنگ بین. 
پێت وایە ئەو پەرلەمانتارانە كڕابن؟
پێویستە ئەوان ئەو پاشكۆیەتییە بزانن كە ئێستە دەیكەن، چونكە خۆفرۆشتن هەر ئەوە نییە تۆ چەك دژی میلەتەكەت چەك هەڵگری، بەڵكو پێویستە بزانرێت كلكایەتی و جاشایەتی جۆری هەیە، ئەو كلكایەتییە لەلایەن چینێك دەكرێت و دەرئەنجامەكەشی لە بەرژەوەندی ئەوان نابێت.



وشە - رامیار جەواد