بوومەلەرزەیەكی بەهێز ئەرجەنتینی هەژاند

:: AM:11:15:19/01/2021 ‌
بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 6.8 بە پێوانەی ریختەر، ویلایەتەكانی رۆژئاوای ئەرجەنتینی هەژاند و لە دوای بوومەلەرزەكەش لانی كەم پێنج بوومەلەرزەی تر روویان داوە، بەڵام گوڕیان كەمتر بووە.

هێشتا دیار نییە بوومەلەرزەكە چ زیانێكی لێ كەوتووەتەوە، بەڵام بە پێی ئەو وێنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، پێ دەچێت قوربانی و زیانی بەدواوە بووبێت.
بەشێك لە شەقامەكان درزیان بردووە.

لەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، بە روونی دیارە باڵەخانەكان دەجووڵێن و بەشێك لە شەقامەكانیش درزیان بردووە. پێداویستییە خۆراكییەكان لە رەفەی ماركێتەكانەوە دەكەونە خوارەوە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز ناوەندی بوومەلەرزەكە 40 كیلۆمەتر لە ناوەندی ویلایەتی سەنخوان دوورە و لە قووڵایی 10 كیلۆمەتر رووی داوە. هاوكات ناوەندی بومەلەرزەزانی ئەوروپاش بڵاوی كردەوە، ئەو بومەلەرزانەی دوای بوومەلەرزە بەهێزەكە هاتوون، گوڕیان لە نێوان 5 تا 5.3 پلە بە پێوانەی ریختەر بوو.

هەندێك سەرچاوە گوڕی بوومەلەرزەكەیان بە 6.4 هەژمار كردووە. هاوكات دەزگای بوومەلەرزەزانی ئەمەریكا باسی لەوە كردووە هیچ مەترسییەك بۆ روودانی تسۆنامی لە ئارادا نییە و لەو رووەوە هیچ هۆشدارییەكی نەداوە خەڵك لە كەنار زەریا دوور بكەونەوە.


وشە - سلێمان تاشان