بۆ یەكەمجار چارەسەری گرێی مێشك بەبێ‌ نەشتەرگەری هێنرایە هەولێر

:: AM:11:52:20/01/2021 ‌
پزیشكێكی پسپۆڕ ڕای دەگەیەنێت، دوای هێنانی ئامێری چارەسەری گرێی مێشك، توانرا لە یەكەم هەنگاو 11 كەس چارەسەر بكرێن، چارەسەرییەكەش لە دەرەوە بكرێت زۆر گرانە و لە هەولێر بە نرخێكی ڕەمزی یان خۆڕایی دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی كانوونی دووەم، دكتۆر سالار تەحسین پزیشكی پسپۆڕ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پاش ساڵێك لە ئامادەكاری و كاركردن بۆ دامەزراندنی  ئامێری "گاما نایف" لە هەولێر، پاش وەرگرتنی خولەكی راهێنان لە لایەن كەسی پسپۆڕی بەكارهێنانی ئەو ئامێرە، توانرا چەند نەخۆشێك چارەسەر بكرێن.

زیاتر گوتی، ئەو ئامێرە یەك دانە لە هەرێمی كوردستان هەیە و یەكێكیش لە بەغدایە، كاری سەرەكی ئامێرەكە چارەسەری گرێی مێشكە كە قەبارەكەی لە سێ‌ سانتیمەتر و نیو زیاتر نەبێت، بەبێ‌ نەشتەرگەری ئەو كارە دەكات و لە یەكەم هەنگاویش 11 نەخۆش چارەسەر كران.

باسی لەوەش كرد، تێچووی چارەسەری گرێیەكی لەو شێوەیە لە وڵاتانی دەوروبەر، لە نێوان هەشت هەزار بۆ 15 هەزار دۆلارە، لێرە پێشنیارمان كردووە بەخۆڕایی بكرێت لە كاتی دەوامی بەیانیان و لە دەوامی ئێوارانیش بە نرخێكی ڕەمزی بێت تا بتوانین كارەكان بەباشی بەڕێوە بچن.

 ڕوونی كردەوە، ئێستە ئەو ئامێرە لە نەخۆشخانەی فێركاری هەولێر دانراوە، لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو كەسانەی گرێی مێشكیان هەبێت، هەوڵ دەدەین كۆیان بكەینەوە و كۆرسێكی تری چارەسەری ئەنجام بدەین.



وشە - رامیار جەواد