د. ئارام به‌ختیار هه‌ڵشۆیی پزیشكی شاره‌زای دڵ و ده‌ماره‌كانی خوێن، له دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ "وشه" باس له نه‌خۆشیی ده‌والی ده‌كات كه چییه و چۆن پێویسته مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، دەشڵێ: ژنان زیاتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.
- ده‌والی چییه و چۆنه؟
ده‌والی بریتییه له گه‌وره‌بوون و لوولخواردنی خوێنهێنه‌ره‌كان، هه‌ر خوێنهێنه‌رێكی جه‌سته ئه‌گه‌ری تووشبوون به ده‌والیی هه‌یه، به‌ڵام خوێنهێنه‌ره‌كانی په‌له‌كانی خواره‌وه ''قاچ و ڕان'' له هه‌موو به‌شه‌كانی تری جه‌سته زیاتر تووشی ئه‌م حاڵه‌ته ده‌بن، كاتێك تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه ده‌بیت، لووله‌كانی خوێن به ئاستێكی زۆر گه‌وره له‌سه‌ر پێست ده‌رده‌كه‌ون و به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌بینرێت.
- ھۆكاری دروستبوونی چییه؟
تا ئێسته هۆكارێكی سه‌ره‌كی دیاری نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی پزیشكان و شاره‌زایان بڵێن، ئه‌وه هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی ده‌والی بی، به‌ڵام له‌گه‌ڵیدا هۆكاره‌كانی بۆماوه‌ییه‌كان وا ده‌كه‌ن تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه بیت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌و ژنانه‌ی دووگیانن و له‌ماوه‌ی دووگیانی‌دا ئه‌گه‌ری تووشبوونیان هه‌یه به‌و نه‌خۆشییه، ئه‌و كه‌سانه‌ی قه‌ڵه‌ون زۆرجار دووچاری ده‌والی ده‌بنه‌وه یانیش ئه‌و كه‌سانه‌ی زۆر به‌پێوه‌ن و له شوێنێك ده‌مێننه‌وه.
- ئه‌وانه‌ی تووشی ده‌والی ده‌بن كێن و له كام ڕه‌گه‌زن و له چ ته‌مه‌نێك تووشیان دەبێت؟
نه‌خۆشی ده‌والی زیاتر له ژنان ده‌رده‌كه‌وێت به‌راورد به پیاوان، ژن زیاتر تووشی ئه‌م جۆره نه‌خۆشییه ده‌بنه‌وه و باوه له‌ناویاندا، چونكه له جه‌سته‌یاندا گۆڕانكارییه‌كی یه‌كجار زۆری هۆڕمۆن ڕوو ده‌دات، به‌تایبه‌ت له‌كاتی سووڕی مانگانه، جگه له‌وه‌یش ته‌مه‌نی سه‌روو 20 ساڵ ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه تووش بن و تا ته‌مه‌ن زیاتر بێت ئه‌گه‌ری تووشبوون زیاتره، له‌ناو ژنانیشدا كاتێك ده‌گه‌ن به‌و دۆخه‌ی سووڕی مانگانه نامێنێت، ئه‌وكات به چه‌ندان قات ئه‌گه‌ری تووشبوونیان زیاد ده‌كات.
- چۆن خۆمان بپارێزین تا تووش نه‌بین؟
وه‌ك گوتمان ئه‌و كه‌سانه‌ی زۆر به‌پێوه ده‌مێننه‌وه، له ئاستێك و شێوازی راوه‌ستانیان ناگۆڕن، ئه‌وان زیاتر دووچاری ده‌والی ده‌بنه‌وه، بۆیه بۆ ئه‌و كه‌سانه كه خۆیان بپارێزن له‌و نه‌خۆشییه، پێویسته زوو زوو بجووڵێن و شێوازی وه‌ستانیان بگۆڕن، یانیش ئه‌و كه‌سانه‌ی له قۆناغی سه‌ره‌تایی تووشبوونه‌كه‌دا پێویسته كاتێك داده‌نیشن قاچیان به‌رز بكه‌نه‌وه، به ئاستێك له سه‌ریان تێپه‌ڕێت، به‌م شێوه‌یه ورده ورده ده‌ماره‌كان ده‌نیشنه‌وه.
- ڕێچاره‌سه‌ره‌كان چین؟
ڕێیه‌كانی چاره‌سه‌ر زۆرن بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه، یه‌كێك له‌و چاره‌سه‌رانه به‌كارهێنانی گۆره‌ویی ته‌ندروستییه كه له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه داده‌نرێت، یانیش به به‌كارهێنانی ده‌رزی كه ئه‌و ده‌رزییه چه‌ند ماده‌ییه‌كی تێدایه وا ده‌كات به‌گوێره‌ی كات ئه‌م ده‌مارانه بنیشنه‌وه، له‌لایه‌كی تریش ڕێی نه‌شته‌رگه‌ریمان هه‌یه كه به به‌نجی گشتی ئه‌نجام ده‌درێت له ژێر چاودێری پزیشكی شاره‌زاوه، ئه‌ویش به چه‌ند قۆناغێك تێپه‌ڕیوه وه‌ك به‌كارهێنانی ''له‌یزه‌ر، ڕادیۆ فریكوێنسی و گلوو'' كه ئێسته كۆتا ڕێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێوه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری بچووك به‌ڕێی ''گلوو'' به‌كار ده‌هێنرێت، ته‌نیا ئه‌و ماده‌یه ده‌كه‌یته ناو ده‌ماره‌كان. ''ئه‌م ڕێیه به‌نجی بچووك تێیدا به‌كار ده‌هێنرێت''.
- ھه‌موو جۆره ڕێیه‌كی چاره‌سه‌ر له كوردستان ھه‌یه؟
هه‌موو ئه‌و چاره‌سه‌ره پێشكه‌وتووانه له كوردستان بوونیان هه‌یه و كه‌سانی شاره‌زاش هه‌ن بۆ به‌كارهێنانیان، نه‌خۆش ده‌توانن سوودی لێ وه‌ربگرن، جگه له‌وه سوودی ئه‌و چاره‌سه‌ره پێشكه‌تووانه ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر به نه‌شته‌رگه‌ری ''ڕادیۆ فریكوێنسی و گلوو''یش ئه‌نجام بدرێت، دوای چه‌ند سه‌عاتێك نه‌خۆشه‌كه ده‌توانێ له نه‌خۆشخانه‌كه بچێته ده‌ره‌وه و بۆ ڕۆژی دواتر بچێته‌وه سه‌ر كار و كاره‌كانی به ئاسایی ئه‌نجام بدات.