له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو وڵاتانی ئه‌وروپا به وردی كار له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی ڕێكخراوی "گورگه بۆره‌كان" ده‌كه‌ن، كه به ڕێكخراوێكی نهێنی توركه ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان داده‌نرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا له ڕۆژانی ڕابردوو سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی و چه‌ند ئه‌ندامێكی هێزه‌كانی توركمان ئاماژه‌ی گورگه بۆرهكانیان به‌رز كردووه‌ته‌وه و وێنه‌یان له میدیاكان بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایه‌تی پێكهاته‌كانی تری كه‌ركووكی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌ڕشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له‌میانه‌ی سه‌ردانی بۆ باره‌گه‌كانی هێزی "درعی كه‌ركووك، فه‌وجی شه‌هیدانی توركمانی سه‌ر به میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی" له شاره‌دێ و گونده‌كانی توركمان له ده‌وروبه‌ری شاری كه‌ركووك، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی هێزه‌كان وێنه‌ی گرتووه و هێمای گورگی بۆریان به په‌نجه‌كانیان به‌رز كردووه‌ته‌وه.
ئه‌و ئاماژه‌یه كه بریتییه له به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌ست و نووشتاندنه‌وه‌ی دوو په‌نجه‌ی ناوه‌ڕاست و په‌نجه گه‌وره و هێشتنه‌وه‌ی په‌نجه‌ی بچووك و په‌نجه‌ی شایه‌تومان به وه‌ستاوی، كه هێمای گرووپی گورگی بۆره و نیشانه‌یه بۆ ڕه‌گه‌زپه‌رستی و شانازیكردن به توركبوون و به گرنگتر زانینی تورك له گه‌لانی تر، ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه كه به‌رپرسێكی حزبی توركمان ئه‌و هێمایه به‌رز بكاته‌وه، پێشتریش نیازی میعمار ئۆغلۆ ئه‌ندامی توركمان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له نێو دانیشتنی په‌رله‌مان ئه‌و هێمایه‌ی به‌رز كرده‌وه، كه كاردانه‌وه‌ی زۆری به دوای خۆیدا هێنا.
ئه‌و جموجۆڵه‌ی ئه‌ڕشه‌د ساڵحی و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركمان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێمایه، هاوكاته له‌گه‌ڵ هاتنی خلووسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری توركیا بۆ عێراق و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان.
كورد و عه‌ره‌بی كه‌ركووك ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر به نمایشكردنی ئه‌و هێمایه ده‌رده‌بڕن
خلوسی ئاكار دوای ته‌واوبوونی دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له هه‌ولێر كرد و له‌وێ دووپاتی كرده‌وه، كه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق ڕێككه‌وتوون، بۆ به ئامانج گرتنی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان و به هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی هه‌ردوولا.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا، كه قۆناغی داهاتوو پێشڤه‌چوونی گرنگ و گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و ئه‌نكه‌ره، توركیا زۆر به چڕی و وردی كار ده‌كات، بۆ ده‌ركردنی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی په‌كه‌كه له چیای شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری.
توركیا له دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه گرنگی زۆر به كه‌ركووك و توركمانه‌كانی كه‌ركووك ده‌دات و وه‌ك بیانوو و هۆكارێك بۆ ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی عێراق و ته‌نانه‌ت سووریایش توركمانه‌كان به‌كارده‌هێنێت، تا له‌و ڕێیه‌وه هه‌ژموون و پێگه‌ی خۆی له‌و دوو وڵاته به‌هێزتر و فره‌وانتر بكات.
پێشتر له چه‌ندان بۆنه‌دا سه‌ركۆماری توركیا و به‌رپرسانی باڵای توركیا نه‌یانشاردووه‌ته‌وه و به ئاسایی له میدیاكانه‌وه لێدوان ده‌ده‌ن و كه‌ركووك به شارێكی توركمانی داده‌نێن، دواجاریش ئیبراهیم كالن گوته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی توركیا له‌باره‌ی كه‌ركووكه‌وه گوتی، به‌ڵێ له كه‌ركووك، كورد و عه‌ره‌ب بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ناسنامه‌ی فه‌رمی و بنه‌ڕه‌تی شاره‌كه توركمانییه.
چاودێران و شاره‌زایانیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ساڵحی به به‌رزكردنه‌وه‌ی هێمای گورگی بۆر ده‌یه‌وێ كێشه و ناكۆكییه‌كان له كه‌ركووك قووڵتر بكاته‌وه، چونكه عه‌ره‌ب و كورده‌كانی پارێزگه‌كه به توندی ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر به‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ره‌ی توركمانی ده‌رده‌بڕن و سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ن.
نیشانه‌ی ڕێكخراوی گورگی بۆره كه باوه‌ڕیان به كوشتنی گه‌لانی تر و به پیرۆز سه‌یركردنی تورك هه‌یه
ڕۆژنامه‌ی "
العرب" له ڕاپۆرته‌كه‌ی له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاماژه‌ی گورگی بۆر له‌لایه‌ن ئه‌ڕشه‌د ساڵحی و چه‌كداره‌كانی تری توركمانه‌وه، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه به‌رگری له نیشتمانی فره‌وانی توركه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه توركمانه‌كان له هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی عێراق ته‌نیا سێ كورسی كه‌ركووكیان بردووه‌ته‌وه، له كۆی 13 كورسی پارێزگه‌كه.
ڕێكخراوی گورگه بۆره‌كان مێژووی دروستبوونی بۆ 60 ساڵ پێش ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه و سه‌ره‌تایش عه‌لی یهدلهب ئارسلان توركش ئه‌فسه‌ری پێشووی سوپای توركیا ئه‌و ڕێكخراوه‌ی دامه‌زراند و ئه‌و هێمای ده‌ست بهرزكردنهوهیشی بۆ ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه دانا.
به ڕێكخراوێكی نه‌ته‌وه‌په‌رست و توندڕۆ ناوده‌برێ، كه خه‌ریكی ستهمكردنن به نهێنی له كورد و ئه‌رمه‌ن و یۆنانی و عه‌له‌وی و كریستیانه‌كان كه له توركیا و ناوچه‌كان بوونیان هه‌یه، باوه‌ڕیان به كوشتن و خوێنڕێژیییه و چه‌ندان تۆمه‌تی ترسناكیان له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌وروپا ئاراسته كراوه، به تایبه‌ت هه‌وڵی كوشتنی پاپا یوحه‌ننا پۆلسی دووه‌م له 1981 و به‌شداریان له شه‌ڕی چه‌كداره تیرۆریسته‌كانی چیچان له دژی ڕووسیا، هاوكات به نهێنی چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی بۆ هاوپه‌یمانه‌كانیان ده‌گوێزنه‌وه، به‌وهۆیه‌وه له فڕه‌نسا و نه‌مسا قه‌ده‌غه‌كراوه و ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی تریش هه‌وڵی قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و ڕێكخراوه فاشیست و توندڕۆیه ده‌ده‌ن له وڵاته‌كانیان، چونكه سه‌رچاوه‌ی نائارامی و ئاژاوه‌ن له ئه‌وروپا.