چی لەناو گرووپی 15 ڕوو دەدات؟

:: AM:10:22:21/01/2021 ‌
دوای ڕاگەیاندنی گرووپێك لەو پەرلەمانتارانەی كە هەمیشە دژایەتی كورد دەكەن و حزبەكانیشیان ئێستە لێیان بە گومانن، ئێستە لە نووسراوەكانیان پێچەوانەی یەكتر بیر دەكەنەوە، ڕۆژانە لەسەر زانیاریی ناو كۆبوونەوەكان پێچەوانەی یەكتر زانیاری بڵاو دەكەنەوە، ئەوەیش سەرەتایەكە بۆ دروستبوونی ئاراستەی جیاواز لەناو ئەو گرووپە.

ئەو گرووپە چەند ئەندامێكی هەیە لە لیژنەی دارایی، ئێستە لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی یەكتر لێدوان و نووسراو بڵاو دەكەنەوە، چەندان ڕاستی بڵاو دەكەنەوە كە خۆیان پێشتر دژی بوون، ئەوەیش وایكردووە ئەو گرووپە لە سەرەتای دامەزراندنی بەرەو هەڵوەشانەوە بچێت.

سەرەتایەكی دەركەوتنی كێشەی ناو گرووپی 15یە و ئاراستە جیاوازەكانی ناو ئەو گرووپە دەردەخات
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی كە پێشتر لە فراكسیۆنی گۆڕان بوو و ئێستە لە گرووپی 15یە، لەسەر كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی نووسیویەتی، هاوكێشەی ناو بودجە و گفتوگۆكان بە شێوەیەكە كە نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، یا نەوت و پشكی هەرێمی كوردستان پێكەوە بەستراون.

باسی لەوەش كردووە، لە یاسای بودجەی 2021 دەرفەتێك هەیە كە پێدانی نەوت بگۆڕێ بۆ پشكی هەرێم و مووچە و شایستە داراییەكانی تر، ئێمە ڕوون و ڕاشكاو لەگەڵ ئەوەداین نەوت ببێتە مووچە.

لە بەرانبەردا ئەحمەدی حاجی ڕەشید كە خۆی ئەندامی لیژنەی داراییە و لە گرووپی 15یە، نووسیوویەتی بەغداد ئامادەیە هەموو مەلەفی نەوت وەربگرێت بەهەموو تێچوونەكانیەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان  ئامادە نەبێت، ئەوا بەغدا ڕازییە داهاتی 250 هەزار بەرمیل وەربگرێت بەو نرخەی سۆمۆ دەیفرۆشێت.

ئەو نووسینە پێچەوانانەی یەكتر، سەرەتایەكی دەركەوتنی كێشەی ناو گرووپی 15یە و ئاراستە جیاوازەكانی ناو ئەو گرووپە دەردەخات، پێشبینی دەكرێت لە كاتی گفتوگۆكانیش بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاساكە، بۆچوونە جیاوازەكان بە ئاشكرا دەركەون.

سەید عەبدولقەهار چاودێری سیاسی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆچوونی جیاواز شتێكی ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە دوو كەس لە یەك ژووربن و لەیەك لیژنە بن، زانیارییەكان پێچەوانەی یەكتر بڵاو بكەنەوە و بۆچوونی یەكتر ڕەت بكەنەوە، كە یەكێكیان دەڵێت هەموو شتێكیان دەوێت ئەویتر بڵێت نا تەنیا 250 هەزار بەرمیل نەوتیان دەوێت.

ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆرینە و كەمینە بۆ چەسپاندنی هێزی پێشووی فراكسیۆنەكانیان لەناو گرووپەكە پێڕەو دەكەن
زیاتر گوتی، ئەو ئاراستە جیاوازانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆرینە و كەمینە بۆ چەسپاندنی هێزی پێشووی فراكسیۆنەكانیان لەناو گرووپەكە پێڕەو دەكەن، ئەوانەی كورسییان زیاترە نایانەوێ بكەونە ژێر كاریگەری كەمتر لە فراكسیۆنەكەیان، دەیانەوێت بۆچوونی خۆیان بسەپێنن، لە كاتێكدا بیر لەوە ناكەنەوە ئەو یاریكردنە بە هەست و سۆزی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

موحسین جوامێر نووسەری ناسراوی كورد و چاودێری رەوتە ئیسلامییەكانی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا ڕای گەیاندبوو، ئەو كەسانە هیچ بەرژەوەندییەكی هاوبەشیان نییە، تەنانەت لەڕووی بیروڕا زۆر لێكدوورن و تەنیا بەرژەوەندییان بریتییە لە دژایەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كەسەی سەرپەرشتی ئەو نووسراوەی كردووە، كەسێكە بڕوای بە هیچ ئاینێك نییە، نازانم چۆن ئەحمەدی حاجی ڕەشید كاری لەگەڵ دەكات.

باسی لەوەش كردبوو، پەرلەمانتارمان هەیە لە بەغدا ڕۆژ تا ئێوارە لە تەلەڤزیۆنەكان باسی هەرێمی كوردستان دەكات، لە كاتێكدا عێراق خۆی وڵاتێكە هێندە نەخۆشە لە ڕۆخی مردندایە، هەروەها ئەو دواكەوتنەی ئێستە لە عێراق هەیە، هۆكارەكەی كوردە و بەدیاریكراوی پەرلەمانتارە كوردەكانی كار دژی هەرێمی كوردستان دەكەن، چونكە ئەو پەرلەمانتارانە هێندە هەرێمی كوردستان لە كەناڵە عێراقییەكان بە ناشیرینی باس دەكەن، خەڵكی ئەو ناوچانە دەڵێن ژیانی ئێمە شاهانەیە ئەگەر وابێت.

دیدار مەهدی مامۆستای زانكۆ، بۆ "وشە" ڕای گەیاند، كاركردن بۆ دەركەوتن و خۆپێشخستن لەلایەن هەندێك پەرلەمانتار دەكرێت، هێندە كار بۆ بەرژەوەندی میلەتەكە ناكرێت و هەموو بۆچوونێكیان لەسەر دژایەتی دروست كردووە.

زیاتر گوتی، لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی عێراق لەو هەفتەیە، كۆبوونەوەكە هێشتا بەردەوامی هەبوو، كەچی پەرلەمانتار هەبوو سەرقاڵی فەیسبووكەكەی بوو و شتی دەنووسی و پۆستی دەكرد، لە جیاتی بەگژ ئەو دەنگە ناڕەزایەتییانەدا بچێتەوە كە مووچەی كەسوكاریانی بڕیوە.

باسی لەوەش كرد، گرووپی 15 بەپێی ئەو بۆچوونانەی ئێستە لە میدیاكان دەری دەخەن، سێ‌ ئاراستەی جیاوازن و بۆچوونەكانیان یەكگرتوو نییە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە داهاتوو ئەوە زیاتر دەربكەوێت.

جەمال شكور ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق /یەكێتی/، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوەی لە ڕابردوو بەدەست هاتووە، بەرهەمی یەكدەنگی كورد بووە لە بەغدا، بۆیە ئەگەر یەكدەنگ بین داكۆكیكارێكی سەخت دەبین لە مافەكانی كورد.

لە بارەی گرووپی هیواوە گوتی، ئەو گرووپە كۆكەرەوەی كۆمەڵێك فراكسیۆنی كوردییە، كە ئاراستە و بیركردنەوەی جیاوازیان زۆر تێدایە، بۆیە ئەگەر لە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان هاوئاهەنگ بن لەگەڵ پارتی و یەكێتی كارێكی باشە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبنە هۆی پەرتەوازەیی دەنگی كورد.




وشە - رامیار جەواد