"لە مانگی نیسان بودجەی هەرێمی كوردستان دەخرێتە بواری جێبەجێكردن"

:: PM:01:18:21/01/2021 ‌
وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە كۆتایی مانگی شوبات ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتی سەرجەم وەزارەتەكان ئامادە دەبێت، دوای هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە، پێشبینی دەكرێ لە مانگی نیسان بودجەی كوردستان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی كانوونی دووەم، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری "وشە" ئامادەبوو ڕای گەیاند، ئێستە سەرجەم وەزارەتەكانی كوردستان راسپێراون بۆ پێدانی ڕاپۆرتەكانیان لەبارەی داهات و خەرجییەكانیان، بۆ ئەوەی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی كوردستان ئامادە بكرێت.

وەزیری پلاندانان گوتی، كۆتایی مانگی شوبات سەرجەم ڕاپۆرتی وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان ئامادە دەكرێت، دوای گفتوگۆی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی شوورا، پێشبینی دەكرێت لە مانگی چواری ئەمساڵ بودجەی هەرێم بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەبارەی گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا كە خۆی ئەندامی شاندی دانوستانە ڕای گەیاند، لە هەفتەی داهاتوو دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر خەرجی و داهاتەكان بكەین، ئەگەر ئەو ڕێككەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا بگاتە ئەنجام، ئەوا ئێمە لە كوردستان سێ داهاتمان دەبێ بۆ ئەوەی بودجەی هەرێمی كوردستانی لەسەر دانێین.

ڕوونی كردەوە، دوو شاند دەچێتە بەغدا، شاندێكی حكوومەت و شاندێكی سیاسیی باڵاش دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی پشكی كوردستان دەستەبەر بكەین.




وشە - رامیار جەواد