جێگرێكی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاى گهیاندووه، "هەرچەندە لە دەستوور ئاماژەی پێکراوە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای وڵاتێکی دیموکراسی و فیدڕاڵی و فرەییەوە دامەزراوە، بەڵام ئاماژەکان پێچەوانە دەردەخەن کە لەسەر بنەمای تاییفەگەری و مەزهەبییەوە عێراق ئاڕاستە دەکرێت."
هەڵبژاردن یەکێکە لە بابەتە گەرم و گوڕەکانی گۆڕەپانی سیاسی
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری یهكهمى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پێگهی تایبەتی خۆی له تویتهر بڵاوی کردەوە، "عێراق لە ڕووی سیاسییەوە بە دۆخێکی ناهەموار گوزەر دەکات، لە ئێسته هەڵبژاردنیش یەکێکە لە بابەتە گەرم و گوڕەکانی گۆڕەپانی سیاسی".
ڕوونى كردووهتهوه، "هەرچەندە لە دەستوور ئاماژەی پێکراوە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای وڵاتێکی دیموکراسی و فیدڕاڵی و فرەییەوە دامەزراوە، بەڵام ئاماژەکان پێچەوانە دەردەخەن کە لەسەر بنەمای تاییفەگەری و مەزهەبییەوە عێراق ئاڕاستە دەکرێت و بەڕێوەدەبرێت، ئەم سیاسەتەیش بارودۆخێکی ناسەقامگیری لە عێراق دا دروستکردووە".
ئاشكراى كردووه، هەڵبژاردن دەرخەری دیموکراسی و ئازادییە لە گشت وڵاتاندا، هەروەها پێشبڕکێی لایەنە سیاسییەکانە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و حوکمڕانی وڵات لەسەر بنەمای خزمەتکردن، بەڵام لە عێراقدا ئەم پڕۆسەیە نەبووەتە هۆی خۆشگوزەرانی خەڵك و بە دامەزراوەیی کردنی جومگەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كرد و رای گەیاند كە لەبەر چەند هۆكارێك ناتوانن پابەندی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بن لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، ڕۆژى سێشهمى ڕابردوو 19ى كانوونى دووهم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكەی بۆ تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دا.