ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ ڕای گەیاندووه، لەگەڵ دهست پێكى شەپۆلی گرتندا لە شاری بۆکان لایهنی کەم 11 هاووڵاتیی تر لەو شارە گیراون، بەوەیش ژمارەی گیراوان لە ڕۆژی سێشەمی ڕابردووەوە گەیشتە 19 کەس.
بهپێى ئهو ئامارهى ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بۆ "وشه"ى ناردووه، تێیدا هاتووه، "هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ڕۆژی سێشەم 19ی كانوونى دووهم، چونەتە گوندی لەگز و عەباساوا و لایهنى کەم 11 هاووڵاتییان گرتووه و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە".
ڕوونكراوهتهوه، ناسنامەی ئەو کەسانەی گیراون پێکهاتوون لە، /ڕەشید ئەحمەد، محەممەد ئەمین ئەحمەد، ڕەزا زەند، فەرهاد زەند، حوسێن ڕەسوڵپور، ئەیوب ڕەسوڵپور، حامد ڕەسوڵپور، سەڵاحەدین حاجی ڕەسووڵپور، محەمەد زەند، سیروان محەمەدپور، زانکۆ محەمەدپور./
ئاماژهى داوه، "ئەو 11 هاووڵاتییە دوای گرتنیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێسته هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و تۆمەتەکانیان لەبەردەست نییە".
بۆکان شارێکە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. لە باشووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ورمێ لە ئێران ھەڵکەوتووە. شارهكه 1.340 مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە. شاری بۆکان لە باکورەوە لەگەڵ میاندواو، لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ساینقەڵا، لە باشوورەوە لەگەڵ پارێزگای کوردستان و شاری سەقز، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ سەردەشت و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ مەھاباد ھاوسنوورە.