بۆ یەكەم جار لە سەردەمی بایدن هێرش كرایە سەر هێزە ئەمەریكییەكان لە بەغدا

:: AM:09:43:23/01/2021 ‌
دوای چەندان هەفتە وەستانی هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی بەغدا و ناوچەی سەوز، دیسان دەست بەو هێرشانە كراوەتەوە و ناوچەكە بە سێ هاوەن كراوەتە ئامانج.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەموو، هێرشەكە ئەنجام دراوە و یەكێك لەو سێ هاوەنانەش كە ئاراستەی فڕۆكەخانە كراون، لە گەڕەكی جیهاد نزیكی فڕۆكەخانە كەوتووەتە خوارەوە. ئامانجەكە بنكەی سەربازیی ڤیكتۆر بووە كە هێزەكانی ئەمەریكای تێدا جێگیر كراون.

هێشتا بەرپرسانی عێراقی لەبارەی ئەو هێرشە هیچ زانیارییەكیان بڵاو نەكردووەتەوە


هێشتا بەرپرسانی عێراقی لەبارەی ئەو هێرشە هیچ زانیارییەكیان بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام رادیۆفەردا لە زاری ئەلعەرەبیە ئاماژەی داوە، لەوەتەی بایدن بووەتە سەرۆكی ئەمەریكا، یەكەم هێرشە لە بەغدا دەكرێتە سەر هێزەكانی ئەمەریكا. هەر ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو هێرشە لە فڕۆكەخانەی بەغدا زەنگی هۆشداری لێ دراوە.

بەهێزترین هێرش كە لە چەند مانگی رابردوودا ئەنجام درابێت، بۆ دواین رۆژی پایزی رابردوو دەگەڕێتەوە و لانی كەم سێ مووشەك ئاراستەی ناوچەی سەوز كران، سیستمی دژەمووشەكی باڵوێزخانەی ئەمەریكا توانی یەكێك لەو مووشەكانە پووچەڵ بكاتەوە، بەڵام دووانیان لە ناو گەڕەكدا كەوتنە خوارەوە.

دوای ئەو هێرشە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، هەڕەشەی لە ئێران كرد ئەگەر یەك سەربازیشی زیانی بەربكەوێت، ئەوا ئێران بەرپرسیارە. ئەمەریكا پێشتر بۆ پێشگرتن لە هەر هێرشێك و پاراستنی هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، كەشتیی فڕۆكەهەڵگر و پاشان فڕۆكەی B52ی رەوانە كرد.


وشە - سلێمان تاشان