بکوژانی "مه‌لا مه‌حموود" ئاشکرا كران.. نوێكراوه‌ته‌وه‌

:: PM:07:59:23/02/2017 ‌
ئاسایشی هەولێر بكوژی مەلا مەحموود ئاشكرا دەكات كە لەسەرەتای ئەو مانگە لەناو مەڵەكەی خۆیدا كوشتیان و بڕی هەشت دەفتەر  80 هەزار دۆلاریان برد.

ئەمڕۆ پێنجشەم لە راگەیەندراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە تیایدا هاتووە، دوای چەندین رۆژ لە لێكۆڵینەوە و چاودێری تیمەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، توانرا گروپێكی  پێنچ كەسی (دزیكردن و كوشتن) دەستگیر بكەین كە دەستیان لە چەند تاوانێكی رێكخراوی ناو شاری هەولێردا هەبووە.

گروپی دەستگیركراو پێكهاتوون لە تاوانباران (محمد صابر عبدالله، طارق عزیز محمود، سەركەوت كریم حمد‌، نزام شكر اسماعیل و كاوە محمد خضر).

لە ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایشی هەولێر هاتووە، بەپێی دانپێدانانەكانی دەستگیركراوان، دوایین تاوانی ئەم گروپە، كوشتنی هاوڵاتی (محمود عسمان محمدامین) ناسراو بە (مەلا محمود) بوو، كە  شەوی 31/1/2017 لە "شاری منارە" لە پێش ماڵەكەی خۆی كوشتیان و نزیكەی هەشتا هەزار دۆلاری ناوبراویان دزیوە، مەلا مەحمود پێشتر وتاربێژ بووە و خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بووە لە شاری هەولێر.

بەپێی دانپێدانانیان لەلێكۆڵینەوەكاندا، گروپی تاوانكار دەستیان لە چەندین تاوانی دیكەی دزی و هەڵكوتانە سەر ماڵان و هاووڵاتیانی مەدەنیدا هەبووە.

لێكۆڵینەوە و رێككارە یاساییەكان بەردەوامە و لە ئایندەی نزیكدا وردەكاری زیاتر لەوبارەیەوە بۆ رای گشتی دەخەینەڕوو، بە پێویستیشی دەزانین سوپاسی هاووڵاتیانی شاری هەولێر بكەین، لە هاوكاری بەردەوامیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و زانیاری پێدان لەسەر گومانلێكراو و تاوانباران.

مەحموود عوسمان محەممەدئەمین ناسراو بە "مەلا محمود"‌ شەوی 31/1/2017، لە "گوندی منارە"ی هەولێر، لە پێش ماڵەكەی خۆی كوژرا و نزیكەی هەشتا هەزار دۆلاریش كە پێی بوو، دزرا.












وشە - رامیار جەواد