تیرەی نوێی كۆرۆنا لەوەی پێشتر كوشندەترە

:: AM:10:24:23/01/2021 ‌
بەڵگەكان و ئامارەكانی بەریتانیا ئەوەیان دەرخستووە، تیرەی نوێی كۆرۆنا كە بە كۆڤید 20یش ناوی دەهێنرێت، لە كۆڤید 19 یان كۆرۆنا باوەكە كوشندەترە.

بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، بەپشتبەستن بە هەندێك بەڵگە بۆیان دەركەوتووە تیرەی نوێی كۆرۆنا لەوەی پێشتر كوشندەترە.

ئەو وێڕای ئاماژەكردن بە مەترسییەكانی ئەم جۆرە كۆرۆنایە، ئەوەشی خستەڕوو ئەو پێكوتانەی لە دژی كۆرۆنا بەرهەم هێنراون، توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە كۆرۆنایەشیان هەیە كە لە بەریتانیا زیاتر بڵاو بووەتەوە.

لە هەر هەزار كەسی تەمەن سەرووی 60 ساڵ كە تووشی ئەم تیرە نوێیەی كۆرۆنا دەبن، 13 تا 14 كەس دەمرن


بەپێی ئامارەكانی حكوومەتی بەریتانیا، لە هەر هەزار كەسی تەمەن سەرووی 60 ساڵ كە تووشی ئەم تیرە نوێیەی كۆرۆنا دەبن، 13  تا 14 كەس دەمرن، لە كاتێكدا لە جۆرە باوەكە تەنیا 10 كەس لە بەریتانیا دەمردن.

وەك پێشتریش بڵاوكراوەتەوە ئەم تیرە نوێیەی كۆرۆنا، بە رێژەی 70% خێراتر بڵاو دەبێتەوە، بۆیە پێویستی بەوە هەیە خەڵك رێوشوێنی توندتر بەرانبەری بگرنە بەر تا لێی پارێزراو ببن.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، بە گشتی لە بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا، رێوشوێنی توند بەرانبەر ڤایرۆسەكە گیراوەتەبەر و لە هەندێك وڵات تەنانەت قەدەغەی هاتوچۆش راگەیەنراوە.

كۆرۆنا لە چینەوە سەری هەڵدا و پاشان بە تەواوی دنیادا بڵاو بووەوە، ئێستەش جۆرە بەریتانییەكەی بە دەیان وڵاتدا بڵاو بووەتەوە و وڵاتانیش وێڕای گرتنەبەری رێوشوێن، ئەوپەڕی هەوڵەكانی خۆیان بەگەڕ خستووە بە كوتانی خەڵك، رێگری لە زیاتر تەشەنەی ڤایرۆسەكە بكەن.



وشە - سلێمان تاشان