بیرمەندێكی كۆماری ئیسلامی: هەڵبژاردن لە ئێران چیتر واتای نییە

:: PM:12:15:23/01/2021 ‌
بە بۆچوونی كورد و زۆر لە ئازادیخوازان و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی، هەڵبژاردن لەو وڵاتە تەنیا نمایش بووە و هیچ پێوەندییەكی بە بنەماكانی دیموكراسی نەبووە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە ئێستە بەشێك لەو ئەكادیمی و بیرمەندانەی بەرگری لە مانەوەی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن، بە هەمان قەناعەت گەیشتوون و دەڵێن هەڵبژاردن چیتر واتای نییە.

سادق زیباكەلام مامۆستای زانكۆ لە دیمانەیەكدا لەگەڵ "ئینساف نیوز" کە ماڵپەڕێکی پڕخوێنەری ناوخۆی ئێرانە دەڵێت، دوای چەندان ساڵ بەو دەرەنجامە گەیشتووە هەڵبژاردن لە ئێران هیچ واتایەكی نییە. ریفۆرمخوازان لای خەڵك هیچ متمانەیەكیان نەماوە و توندڕەوەكانیش دەسەڵات قۆرخ دەكەن و تەنانەت لەوانەیە لەگەڵ بایدنیش رێك بكەون.
لە وتارێكی پێشتری گوتبووی بۆ رزگاركردنی ئێران لە پارچە پارچەبوون، دەبێ رژێمی كۆماری ئیسلامی بپارێزرێت.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ كە دكتۆرای لە زانستە سیاسییەكانی زانكۆی برادفۆرد هەیە، لە هەندێك قۆناغی سیاسی لە توندڕەوەكان و هەندێك قۆناغی سیاسیشی لە ریفۆرمخوازان نزیك بووە . لە وتارێكی پێشتری گوتبووی بۆ رزگاركردنی ئێران لە پارچە پارچەبوون، دەبێ رژێمی كۆماری ئیسلامی بپارێزرێت.

ئەو لەم دیمانەیە نوێیە ئاماژەی بەو ئومێد و هیوایانە كرد كە خەڵك بە تایبەتی ریفۆرمخوان هەیانبوو و دواجار ئەو 24 ملیۆن كەسەی لە خولی پێشوو دەنگیان بە حەسەن رۆحانی دا، ئەوا هیچ كاتێكی تر دەنگ بەو لایەنە میانڕەوە نادەنەوە، بگرە بە تەواوی واز لە سندووقی دەنگدان دەهێنن.

ئیتر هیچ متمانەیەك بە هەڵبژاردن نەماوە


زیباكەلام لەم دیمانەیەدا توندتر لە جاران قسە دەكات و دەڵێت، هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئێران كە بڕیارە لە بەهار بەڕێوە بچێت، هەڵبژاردنێكی زۆر ساردوسڕ دەبێت و ئیتر هیچ متمانەیەك بە هەڵبژاردن نەماوە، قسەكردن لەسەر هەڵبژاردنیش جگە لە بەفیڕۆدانی كات هیچ سوودێكی نییە.

ئەوە تەنیا تاران نییە كە متمانەی بە هەڵبژاردن نەماوە، بەڵكو لە شارە گەورەكانی تری ئێرانیش بەشدارییەكی ئەوتۆ لە هەڵبژاردن نابێت . زیباكەلام ئەوەشی بیر هێناوەتەوە لە دواین هەڵبژاردن كە پێوەندیدار بوو بە پەرلەمان، ریفۆرمخوازان تەنانەت 5%ی دەنگەكانیشیان مسۆگەر نەكرد، ئیتر لە سەردەمی رۆحانی كۆتایی بە هەر جۆرە متمانە و ئومێدێك هات كە ریفۆرمخوازان هەیانبوو.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2009 كە ریفۆرمخوازان لە چوارچێوەی بزووتنەوەی سەوز لە ئێران سەركەوت، دواتر دەرەنجامی هەڵبژاردن لە قازانجی توندڕەوەكان گۆڕا، خۆپێشاندانی ملیۆنی لە تاران و شارە گەورەكانی ئێران كرا و داوای گەڕاندنەوەی دەنگەكانیان كرد. دواجار دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی رێبەرانی ریفۆرمخوازیشی دەستبەسەر كرد و تا ئێستە لە ماڵەكانی خۆیان زیندانی كراون.

رۆ‌حانی هیچی بۆ ریفۆرمخوازان نەكردووە


ئەو بەتوندی رەخنە لە حەسەن رۆ‌حانی دەگرێ كە هیچی بۆ ریفۆرمخوازان نەكردووە، رێبەرەكانی بۆ ئازاد كران، نە توانی هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی ویست و داخوازیان بنێ.

دوای ئەم قۆناغە چیتر لە ئێران رێ بە رێفۆرمخوازان نەدرا تەنانەت خۆیان بۆ هیچ هەڵبژاردنێك بپاڵێون، هەموو ئەوانەش كە لە ریفۆرمخوازان نزیك بوون یان گومانیان لێ دەكرا لە هەوڵی زیندووكردنەوەی بزووتنەوەی سەوزدابن، پێشیان پێ گیرا خۆیان كاندید بكەن.

بە هێنانە پێشەوەی كەسانی میانڕەو و پاڵپشتیكردن لە میانڕەوەكان، هەوڵیان دا هەنگاوێك بهاوێژن.


خەڵكی ئێران كە زۆرینەیان ریفۆرمخواز بوون و ئومێدێكیان هەبوو بە پشتبەستن بە سندووقەكانی دەنگدان گۆڕانكاری لە ئێران بهێننە كایەوە و ئازادی زیاتر دەستەبەر بكەن، لەو كاتەوە بەشێكیان بە یەكجاری وازیان لە سندووقەكانی دەنگدان هێنا و بەشێكی تریشیان بە هێنانە پێشەوەی كەسانی میانڕەو و پاڵپشتیكردن لە میانڕەوەكان، هەوڵیان دا هەنگاوێك بهاوێژن.

لە دوو خولی لە دوای یەكتر دەنگ بە حەسەن رۆحانی درا، بەڵام ئەو كابرایە هیچ شتێكی نەكرد و سەلمێنرا هەر خۆی حكوومەت بێ دەسەڵات بووە و ئەوەی دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستەوەیە لایەنی ترە.

سادق زیباكەلام پێی وایە هەر لە خۆپێشاندانەكانی سەرەتای 2018 كە خەڵك بۆ یەكەم جار دروشمی "نە ریفۆرمخواز و نە بناژۆخواز"یان دا، ئیتر لەو كاتەوە وازیان لە هەردوو باڵی دەسەڵات هێناوە. ئەو دەڵێت "ئەوكات من پێم وابوو ئەم دروشمە كاتییە، بەڵام بەداخەوە وەك خۆی ماوەتەوە و دەشمێنێتەوە."

من دەزانم لە ئێران سەرۆك كۆماری هیچ دەسەڵاتێكی نییە


بە بۆچوونی ئەو مامۆستایەی زانكۆ، تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن لە ئێران لەسەر بنەمای تەزكییە و دەستنیشانكردنە، ئەوا چیتر ئەو پرۆسەیە واتای نییە. ئەو هەروەها دەڵێت "من دەزانم لە ئێران سەرۆك كۆمار هیچ دەسەڵاتێكی نییە، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی دەزگای دادوەریش هیچ دەسەڵاتێكیان نییە."

زیباكەلام بەو دەرەنجامە گەیشتووە نەك 24 ملیۆن كەس، ئەگەر 240 ملیۆن كەسیش دەنگ بدەن، ئەوا هێزی باڵادەست رێ نادات وڵات یەك ملیمیش لە دیموكراسی نزیك بكەوێتەوە. جاران پێم وابوو دەكرێ لە سندووقی دەنگدانەوە لە دیموكراسی نزیك بكەوینەوە، بەڵام ئێستە پێم وایە رێ بەمە نادرێت."

ئەو رەخنە لە ریفۆرمخوازان دەگرێت كە هیچ شتێكیان دیار نییە لە رێبەریان، نە رێكخستنیان و نە ئامانجێكی روونی سیاسییان هەیە بیخەنەڕوو.

توندئاژۆكان بە پشتبەستن بە 20 تا 30%ی دەنگدان، بە تەواوی دەسەڵات قۆرخ دەكەن


دواجار ئەو بەو دەرەنجامە گەیشتووە لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئێران كە چەند مانگێكی ماوە بەڕێوە بچێت، گرووپە توندئاژۆكان بە پشتبەستن بە 20 تا 30%ی دەنگدان، بە تەواوی دەسەڵات قۆرخ دەكەن و هەرچی هەیە دەكەوێتە دەستی باڵی توندڕەو و هەر ئەو باڵە توندڕەوە كە پێشتر گلەیی لە رێككەوتنی ناوكیی هەبوو، ئەمجارە بەرانبەر جۆ بایدن نەرمی دەنوێنێت لەسەر پرسی ناوكی و لەگەڵ ئەمەریكا رێك دەكەوێت.


وشە - سلێمان تاشان