ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نشال تایمزی به‌ریتانی ڕاپۆرتێكی به‌ناونیشانی سه‌رمایه‌دارانی ئه‌مه‌ریكا ده‌چنه نێو بواری نه‌وتی سووریاوه كه له نێو ئاڵۆزی و ناڕوونییه‌كی زۆردایه، زۆرێك له شاره‌زایانیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌سته‌مه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له كێڵگه‌كانی نه‌وتی سووریا به‌م سیاسه‌ته‌ی ئێسته سه‌ركه‌وتوو بن و یاری له نێوه‌نده‌كه‌دا بكه‌ن.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، دوو ساڵ پێش ئێسته سێ ئه‌مه‌ریكی كه دیپلۆماتكاری پێشوو بوون و ئێسته له بواری كه‌رتی تایبه‌ت و وزه كار ده‌كه‌ن، كۆمپانیای دێلتا كریسنت ئینێرجییان دامه‌زراند و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی كورد له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا كرد، بۆ وه‌به‌رهێنان كرد له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ژێر ده‌ستی هه‌سه‌ده، هه‌رچه‌نده كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی جیهان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كار ده‌كه‌ن و به ملیاران دۆلاریان خستووه‌ته وه‌به‌رهێنانه‌وه، به‌ڵام له‌و ناوچه‌یه تا ئێسته دۆخه‌كه به نهێنی و ئاڵۆزی ماوه‌ته‌وه و تا ئێسته‌یش نازانرێ ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتییه‌ی ئه‌مه‌ریكا چۆن وه‌به‌رهێنان له كێڵگه‌كان ده‌كات و نه‌وتی به‌رهه‌مهاتووی كێڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات ڕه‌وانه‌ی كوێ ده‌كات.
جیمس كاین یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌ری كۆمپانیای دێلتا كریسنت ئینێرجی له‌وباره‌وه به ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه، كه كۆمپانیاكانی وه‌ك ئیكسن مۆبیل و شیڤرۆن كاری له‌م چه‌شنه ناكه‌ن، ئه‌وان پێشه‌نگی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی دنیایان له بواری وزه گرتووه و وه‌به‌رهێنان كردن له ناوچه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه سه‌ركێشییه‌كی گه‌وره‌یه و به مه‌ترسیش ناوی ده‌به‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كورد له ناوچه‌كه ئاماده‌یی و هه‌ماهه‌نگی خۆیان پێشانداوه و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه كردووه و ده‌یانه‌وێ به گرنگییه‌وه له سێكته‌ره‌كانی تریش جیا له بواری سه‌ربازی پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ن، به‌ڵام دۆخی ناوچه‌كه زۆر هه‌ستیاره و له‌به‌رده‌م گۆڕانكاری خێرا و ناچاوه‌ڕوانكراودایه.
گرێبه‌سته‌كه‌ی نێوان دێلتا كریسنت ئینێرجی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوا ئاڵۆز و شاراوه‌یه
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تا ئێسته 900 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات بوونیان هه‌یه، به‌ڵام هێزه‌كانی توركیا و ڕژێمی دیمه‌شق و ڕووسیا و میلیشیاكانی ئێرانیش به‌رده‌وام گرفت و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كورد له ناوچه‌كه، كه زۆرترین نه‌وتی سووریا له‌وێوه هه‌ڵكه‌وتووه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه و گرفتانه‌یش كه له‌سه‌ر ناوچه‌كه بوونی هه‌یه، به‌ڵام ئێسته‌یش ڕۆژانه 30 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و به‌شی زۆری ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ڕژێم و به‌شێكی تریشی ده‌گه‌یه‌نرێته هه‌رێمی كوردستان، تا بپاڵێورێ و ڕه‌وانه‌ی ڕۆژئاوا بكرێته‌وه. ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه پێشتر دیمه‌شق گرێبه‌ستی له‌گه‌ل ڕووسیا له‌سه‌ر ئه‌و كێڵگه نه‌وتیانه كردووه، تا كۆمپانیاكانی ڕووسیا پاڵاوگه‌ی گه‌وره دابمه‌زرێنن و نه‌وتی سوویا بپاڵێوێن و پێكهاته نه‌وتییه‌كان بۆ ناوخۆی سووریا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه واقیعی نییه، چونكه ناوچه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د نییه، بۆیه مۆسكۆ و دیمه‌شق به هاوبه‌شی هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌كان ڕازی بكه‌ن و له ئه‌مه‌ریكایان دوور بخه‌نه‌وه و ناوچه‌كه بكه‌وێته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د و كۆمپانیاكانی ڕووسیا ڕوو له ناوچه‌كه بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی كه له‌و نێوه‌نده‌دا جێی گرنگی و بایه‌خه پشتیوانی حكوومه‌تی پێشووی ئه‌مه‌ریكا بوو له پرۆژه‌كه، ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی گه‌نجینه و ده‌ره‌وه‌یش ڕه‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر دا و هه‌ندێك سه‌رچاوه‌یش باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه به هاندانی كۆشكی سپی ئه‌و سێ دیپلۆماتكاره‌ی پێشوو ئه‌و كۆمپانیایه‌یان دامه‌زراندووه و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ل خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوای كوردستان واژوو كردووه.
جۆیل ریبێرن نێردراوی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سووریا له‌وباره‌وه دووپاتی كرده‌وه، كه واشنتن پشتیوانی بووژانه‌وه‌ی ئابووری باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و هه‌ڵسانه‌وه‌ی ده‌كات، تا بتوانن پشت به‌خۆیان ببه‌ستن و پێویستییه‌كانی ناوخۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و بودجه‌ی پێویستیان له ڕێی نه‌وته‌وه ده‌ست بكه‌وێت.
ڕۆژنامه‌كه گرێبه‌سته‌كه‌ی دێلتا كریسنت ئینێرجی به ئاڵۆز و شاراوه ناوبردووه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه شتی تر له ژێره‌وه هه‌یه و هه‌ردوولا واته كورده‌كان و ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاشكرای ناكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش تا ئێسته‌یش نه‌وتی ڕۆژئاوا به نرخێكی زۆر كه‌متر له نرخی نه‌وت له بازاڕی ڕه‌ش ده‌فرۆشرێته‌وه و داهاتی بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری سووریا پێ ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت، به گوێره‌ی داتاكانیش پێش هه‌ره‌سی نرخی نه‌وت له ساڵی 2020 له ئه‌نجامی فرۆشتنی نه‌وت ڕۆژانه سێ ملیۆن دۆلار ده‌ست خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات له ڕۆژئاوا كه‌وتووه.
ئێسته‌یش به نرخێكی كه‌م و له بازاڕی ڕه‌ش نه‌وت ده‌فرۆشن
خنكاوی جیوگرافیا یه‌كێكه له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌م كورد له ناوچه‌كه به گشتی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات به تایبه‌تی، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژئاوا تا ئێسته‌یش هیچ ده‌روازه‌یه‌كی نییه تا به فه‌رمی نه‌وتی لێ ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكات، بۆیه له بازاڕی ڕه‌ش مامه‌ڵه به نه‌وت ده‌كرێ و به‌شی هه‌ره زۆری به ڕژێمی ئه‌سه‌د ده‌فرۆشرێته‌وه و ڕه‌وانه‌ی پاڵاوگه گه‌وره‌كه‌ی شاری حمس ده‌كرێ و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.