ئەندەنووسیا دەستی بەسەر دوو كەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی و پاناماییدا گرت

:: AM:10:20:25/01/2021 ‌
پۆلیسی ئەندەنووسیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی كاری نایاسایی دەستی بەسەر دوو كەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی و پاناماییدا گرت و دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.

ویستۆ پرامادیتا گوتەبێژی پۆلیسی ئاسایشی دەریاوانی ئەندەنووسیا گوتوویەتی، یەكێك لەو نەوتهەڵگرانە بە ناوی Mt horse ئاڵای ئێرانی لەسەرە و ئەوەی تریشیان بە ناوی Mt freal بە ئاڵای پاناما لە سنووری ئاوی وڵاتەكەیان جووڵەی كردووە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، كوژاندنەوەی رادارەكان و وەستانی نایاسایی لە كەنارئاوییەكان و تەنانەت رژاندنی نەوت بۆ ناو دەریا، لەو تۆمەتانەن كە حكوومەتی ئەندەنووسیا خستوویەتە پاڵ ئەو دوو نەوتهەڵگرە.

هەردوو كەشتییەكە دووبارە بەرەو كەنارئاوییەكان گەڕێنراونەتەوە


پێویستە بگوترێ هەردوو كەشتییەكە دووبارە بەرەو كەنارئاوییەكان گەڕێنراونەتەوە تا بە وردی لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت و رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە.

ئەو هەنگاوەی ئەندەنووسیا سێ هەفتە دوای ئەوە دێت كە ئێران دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری كۆریای باشووردا گرت.

لە دوای ئەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاند ئێران بە ئاسانی ناتوانێ نەوتەكەی ساغ بكاتەوە، بۆیە بە نهێنی هەناردەی دەكات و لە رێشدا رادارەكان دەكوژێنێتەوە تا ئاشكرا نەكرێن .



وشە - سلێمان تاشان