10 ساڵە نیوەی منداڵانی سووریا لە خوێندن بێبەشن

:: AM:10:55:25/01/2021 ‌
تەنیا چەند هەفتەیەكی ماوە یادی دەیەم ساڵوەگەڕی دەستپێكردنی جەنگی ناوخۆیی سووریا بكرێتەوە، جەنگێك كە هێشتا كۆتایی پێ نەهاتووە.

رێكخراوی یونیسێف لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، لەوەتەی جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە سەری هەڵداوە، زیاتر لە نیوەی منداڵانی سووریا لە خوێندن بێبەش بوون.

رێكخراوەكە لەوبارەیەوە هۆشداری داوە و نووسیویەتی، دووكەڵی ئەو جەنگە زیاتر چووەتە چاوی منداڵەكان و لە ئاداری ئەمساڵ 10 ساڵ بەسەر ئەو دۆخە نالەبارەدا تێدەپەڕێت، بەمەش داهاتوویەكی تاریك چاوەڕوانی منداڵانی ئەو وڵاتە دەكات.

دوو ملیۆن و 400 هەزار منداڵ هەن كە هێشتا تەنانەت لە قوتابخانەكان ناونووسیان نەكردووە

بەگوێرەی شەفەقنا، لە سووریا سەرووی دوو ملیۆن و 400 هەزار منداڵ هەن كە هێشتا تەنانەت لە قوتابخانەكان ناونووسیان نەكردووە، لەو ژمارەیەش 40%یان كچن و ئەگەری زۆرە بەهۆی كۆرۆنا و رێوشوێنەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە ساڵی 2020، ژمارەكە زیاتر بەرز بووبێتەوە كە هێشتا رانەگەیەنراوە.

سووریا دابەش بووە و هێز و گرووپ و لایەنی جیاواز ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبەن، جاروباریش بەیەكتردا هەڵدەپڕژێن و دەبنە هۆی زیاتر وێرانكردنی وڵاتەكە و هەڵكشانی ژمارەی قوربانیان.


وشە - سلێمان تاشان