دنیای دەرەوە بە بارزانییەوە كوردستان دەناسن

:: PM:12:12:25/01/2021 ‌
شێخ عەبدولڕەحمان نەقشبەندی سەرپەرشتیاری مەرقەدی شێخ عوسمانی تەوێڵە، لەم دیمانەی "وشە" باس لە گرنگی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی دەكات لە ڕێبەرایەتی شكاندنی ئەفسانەی داعش و دەڵێت، ئەو سیاسەتێكی حەكیمانەی پێڕەو كرد و توانی هاوپەیمانان و ئێران و زۆر لایەن لە دژی داعش كۆ بكاتەوە، دنیای دەرەوەش بە بارزانییەوە كوردستان دەناسن.

لێكدانەوەتان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەرپەرشتیكردنی شەڕی دژی داعش چییە؟

كاك مەسعوود بارزانی خۆی ڕۆڵی هەبووە لە سەركردایەتیی هێزی پێشمەرگە، ڕێگرتن لە‌ پێشڕەویكردنی تیرۆریستانی داعش بەو هەموو هێز و چەك و جبەخانە قورسەی پێیان بوو، هاتبوون كوردستان داگیر بكەن و خەلافەتەكەیان بێننە هەولێری پایتەخت، مەترسی دروست كردبوو لەسەر هەموو گەلی كورد. كاك مەسعوود بارزانی مەردانە ڕۆیشتە پێشەوە و ئەو نەبووایە پەرتەوازەیی دروست دەبوو، بۆیە پلانی تۆكمەی هەبوو لە شكاندنی داعش.

تا چەند گرنگ بووە سەرۆك بارزانی بۆ پاراستنی كوردستان بەیەكەوە ئێرانییەكان و ئەمەریكا و هاوپەیمانان بەشداری جەنگی دژی تیرۆر پێ بكات؟

 كاتێك كاك مەسعوود ئێرانییەكانی بەشداری پێ كردووە لە شەڕی دژی داعش، لەولاشەوە ئەمەریكا و هاوپەیمانان بۆ پاراستنی كوردستان بەشدار بوون، لە خۆیدا حەكیمی سیاسەت و كاریگەری بەهێزی ئەو پێشان دەدات‌، مەبەستی بووە بڵێ مەترسی داعش تەنیا بۆ سەر ئێمە نییە و دەرگای ئێوەش دەگرێتەوە. خاڵی بەهێز ئەوەیە بتوانی ناوخۆ ڕێك بخەیتەوە و سوودیش لە توانای دەوڵەتان وەربگری بۆ پاراستنی هەولێر و تەواوی كوردستان، ئیتر ئێران بێت یان ئەمەریكا و هاوپەیمانان.

جەنابی كاك مەسعوود بارزانی بوو، ڕێی نەدا داعش هەولێر و تەواوی كوردستان داگیر بكات

كێ بە سەرمەشقی سەركەوتن بەسەر داعشدا دەبینن؟

سەرمەشقی سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش جەنابی كاك مەسعوود بارزانی بوو، ڕێی نەدا داعش هەولێر و تەواوی كوردستان داگیر بكات، دڵسۆز و خەمخۆرانە شانی دایە بەرپرسیاریەتی.

بۆچی ئێرانییەكان هێرش دەكەنە سەر سەرۆك بارزانی؟

ئەوە سیاسەتی هەرێمییە، ڕەوشەكە گۆڕاوە و ئەو سیاسەتانەش گۆڕانیان بەسەردا دێت.

ئیدیعای ئەوە دەكەن قاسم سلێمانی بە 70 كەسەوە هەولێری پاراستبێت، بەڵام داعش زۆربەی خاكی شیعەی لە بەغدا و سووریا داگیر كرد، باشە ئەمە خۆی ئیدیعایە رەت ناكاتەوە؟

ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش تەنیا یەك لق نییە چەندان لقی هەیە، هەر بەشێكی سەر بە وڵاتێكن، دەوڵەتانی ڕۆژهەڵات بەرژەوەندییان هەیە هەریەكیان بۆ خۆیان باندێكیان لەناو داعش هەیە، هەموویان لە ژێر چەتری ئەبوبەكر بەغدادی كۆبووبوونەوە، بۆیە دەستی هەموویان لەناو داعش هەیە.

چۆن دەڕواننە ڕۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ ئایندەی گەلی كورد، ئایا دنیای دەرەوە وەك مەرجەعی باڵای كورد مامەڵە لەگەڵ سەرۆك دەكەن؟

لە ئەڵمانیا كەسێك دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ ئەڵمانییەك. پێی دەڵێن تۆ خەڵكی كوێیت، دەڵێ عێراق، دواتر لێی دەپرسن عێراق لە كوێیە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ قاڕەی ئاسیا، من كوردم خەڵكی كوردستانم، دواتر لێی دەپرسنەوە بارزانی، بۆیە ناوی بارزانی لە دنیادا ناسراوە، بەڵام نازانن عێراق كوێیە. بنەماڵەی بارزان تەمەنی خۆیان بۆ شۆڕش و كوردایەتی بووە، دنیای دەرەوە كوردستان بە با‌رزانییەوە دەناسن. 

دنیا چۆن دەڕوانێتە هەولێری پایتەخت؟

هەولێر پایتەختی كوردستانە، شوێنێكی ستراتیجی جیهانییە، هەولێر و بەغدا لەیەك ئاستدان كاتێك مەترسی هاتبووە سەر هەولێر، ئەوە مەترسی بوو بۆ سەر وڵاتانی ئێران و توركیاش، بۆیە هەموو لایەك مەبەستیان پاراستنی كوردستان بوو و هەرگیز ناتوانی بڵێی كەسێك هاتووە هەولێری پاراستووە.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی


وشە - سلێمان تاشان