هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری كوردستان عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و دابان محه‌مه‌د نهێنی هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم ئاشكرا ده‌كه‌ن و جۆری ئۆتۆمبێله‌كانیش ده‌خه‌نه‌ڕوو.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 25ی كانوونی دووه‌م، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و دابان محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری كوردستان له راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه زیاتر له 16 ھه‌زار ئۆتۆمبێل خوار مۆدیلی ڕێگا پێدراو، به شێوه‌ی قاچاخ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراون، له ڕۆڵس ڕایس، لكزس، تیۆتا، مارسیدس، بی ئێم و شۆفرلێت و چه‌ندیان جۆر ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ھان.
شوێنی ڕاگرتنی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه ڕوونن
ئاشكرایانكردووه كه شوێنی ڕاگرتنی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه ڕوونن له باخ و پێشانگا و گه‌راجدان، به‌شێكیشیان له شه‌قامه‌كاندان به چه‌ندان ژماره‌ی جیاوازه‌وه، به‌ڵام به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ھاتوچۆ ته‌نیا جۆرێك ئۆتۆمبێل ده‌خاته لیستی سزاكانی كه "مه‌لیكه‌یه" یه.
دووپاتیش ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌ر ئۆتۆمبێلێك له حه‌وت هه‌زار بۆ 12 هه‌زار دۆلار ده‌هێنرێنه ناو كوردستان و "هه‌وڵێك له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك به‌رپرسه‌وه ھه‌یه ئۆتۆمبیلی "مه‌لیكه" ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و ئه‌و ئۆتۆمبیله گرانبه‌ھایانه‌ش كه قاچاخن و خوار مۆدیلن ژماره بكرێن.
دووپاتیش ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌گه‌ر بڕیاره ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی مه‌لیكه‌دا بگیرێت، پێویسته ده‌ستبه‌سه‌ر ھه‌موو ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌دا بگیرێت به‌رپرسه قاچاخچیه‌كان داخڵیان كردوون.