ژنێک لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر ویستی خۆی بکوژێت و ڕزگار کرا

:: AM:09:19:26/01/2021 ‌
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ ژنێك بەنیازی خۆكوشتن بوو لەسەر بەرزەپردێكی شەقامی 60 مەتری، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ و فریاكەوتن ڕێگریی لێ كرا.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی كانوونی دووەم، فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، لەلایەن كارمەندانی هاتوچۆ و پۆلیسی پاسەوانی، لە ترافیكی ژێر ئۆڤەرپاسی فرانسوا میتران لەسەر شەقامی 60 مەتری ژنێكیان ڕزگار كرد.

باسی لەوەش كردووە، ئەو پۆلیسەی هاتوچۆ بەهاوكاری پۆلیسێكی پاسەوانی وەزارەتی داد، توانیان رێگری بكەن لە ژنێك كە بەنیاز بوو خۆی فڕێ بداتە خوارەوە لەسەر ئۆڤەرپاسەكەوە، بەر لەخۆفڕێدانی گرتیان و ڕادەستی هێزەكانی پۆلیسیان كرد.

ئۆفەرپاسی فڕانسوا میتران دەكەوێتە سەر چوار ڕیانی شەقامی عەینكاوە و جەنجاڵییەكی زۆر لەو شوێنە هەیە.



وشە - رامیار جەواد