گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی به‌ریتانی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی دیارده‌ی گۆڕینی ئاین به شێوه‌یه‌كی زۆر فره‌وان له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه به‌وه ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی شیعه مه‌زه‌وی فه‌رمی وڵاته، زۆرترین كۆتوبه‌ند به‌سه‌ر پێڕه‌وانی ئه‌و مه‌زه‌وه سه‌پێنراوه، خه‌ڵكیش بۆ ڕزگاربوون له كۆتوبه‌نده‌كان په‌نا بۆ گۆڕینی ئاین ده‌به‌ن و به لێشاو ده‌بن به سوننه و سۆفی و كریستیان.
گۆڤاره‌كه زانیاری له‌باره‌ی قه‌شه‌یه‌كی كریستیان به ناوی مه‌نسوور وه‌رگرتووه و ده‌ڵێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان ده‌یه‌یه كریستیان و ئاینه‌كانی تر له ئێران جیا له مه‌زه‌وی شیعه له ژێر زه‌بر و زه‌نگی زۆردان، هیچ كڵێسایه‌ك بوونی نییه له وڵاته‌كه، به‌ڵام ڕۆژ دوای ڕۆژ خه‌ڵكی زیاتر پێوه‌ندی به ئاینی كریستیان ده‌كه‌ن و به نهێنی ئاینی خۆیان ده‌گۆڕن.
مه‌نسوور ئاماژه‌ی داوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاشكرابوونمان تووشی مه‌رگ و لهداردانمان ده‌كات، بۆیه به نهێنی كار ده‌كه‌ین و به ناوی خوازراو ناوی په‌یامبه‌ر عیسا و سرووته ئاینییه‌كان ده‌ڵێینه‌وه، بۆ نموونه له به‌رانبه‌ر ناوی عیسای په‌یامبه‌ر ناوی جه‌مشید به‌كارده‌هێنین و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به نهێنی پێوه‌ندییان پێوه كردووین، ئه‌و كۆد و نهێنیانه ده‌زانن، ئێمه‌یش وه‌كو زانایانی ئاینی كریستیان له ماڵه‌كان وانه ده‌ڵێینه‌وه و كۆڕ و كۆبوونه‌وه له ڕۆژانی یه‌كشه‌م ده‌به‌ستین و سرووته ئاینییه‌كانمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین.
به گوێره‌ی ڕێسا و یاساكانی ئێران پێوه‌ستبوونی تاكه‌كان به ئاینی كریستیان قه‌ده‌غه‌یه و هه‌ر كه‌سێكیش وه‌ك موژده‌به‌خش ئاینی كریستیان بڵاو بكاته‌وه و بگیرێت، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی به‌ندكردن و سزادانی یه‌كجار قورس ده‌بێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران به سه‌دان پیاوی ئاینی كریستیان وڵاته‌كه‌یان جێهێشت و ڕووبه‌ڕووی سته‌می زۆر بوونه‌وه.
شیعه‌كان زۆرترین كۆت و به‌ندی ئاینیان به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنرێت
له ڕاپۆرته‌كه‌ی ئیكۆنۆمیست هاتووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕابه‌ڕانی ئێران شیعه‌ن و مه‌زه‌وی ڕه‌سمی وڵاته‌كه‌یش هه‌ر شیعه‌یه، بۆیه زۆرترین كۆت و به‌ند بۆ پێڕه‌وكارانی ئه‌و مه‌زه‌وه داده‌نرێ و هیچ ئازادییه‌كیان بۆ نه‌هێلراوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه له دوای بوون به كریستیان، ئێرانییه‌كان به پله‌ی دووه‌م و سێیه‌م بۆ ئاینی زه‌رده‌شتی و یارسانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه، ڕۆژ دوای ڕۆژ پێڕه‌وكارانی ئه‌و دوو ئاینه‌یش ڕووی له به‌رزبوونه‌وه‌یه.
هۆی ئه‌و پاشه‌كشه‌ی خه‌ڵكی ئێران له مه‌زه‌وی شیعه جیا له‌وه‌ی بۆ زه‌بر و سته‌می ده‌سه‌ڵات له پێڕه‌وكارانی مهزهوهكه ده‌گه‌ڕێته‌وه، هاوكات هۆكارێكی تری گرنگیش هه‌یه، ئه‌ویش نه‌مانی متمانه‌ی خه‌ڵكه به پیاوانی ئاینی وڵات، له دوای ئه‌وه‌ی له 1979 شۆڕ‌شیان كرد و ده‌سه‌ڵاتی شاهانه‌ی ئێرانیان ڕووخاند، پیاوانی ئاینی به دروشمی یه‌كسانی ده‌سه‌ڵاتدار و تاك و پێڕه‌وكردنی بنه‌ماكانی حوكمی شیعه خه‌ڵكیان له‌خشته‌برد و ئێسته‌یش مه‌لاكان و پیاوانی ئاینی ڕۆژ دوای ڕۆژ ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن و خه‌ڵكه‌كه‌یش برسی تر و بێكارتر و هه‌ژارتر ده‌بێت.
یاسر میردامادی پیاوێكی ئاینی شیعه كه ئێسته له ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ژی له‌وباره‌وه ئاماژه‌ی داوه، كه خه‌ڵكه‌كه به‌هۆی خراپی فهرمانڕهواییكردنی وڵات و سێكته‌ره‌كان، نه‌ك هه‌ر توێژی ده‌سه‌ڵات كه پیاوانی ئاینی شیعه‌ن، بگره به ته‌واوی مه‌زه‌وی شیعهیشیان له‌به‌رچاو كه‌وتووه و په‌نا بۆ ئاینی تر ده‌به‌ن.
بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و زۆرینه‌ی شیعه له ئێران، پیاوانی ئاینی له ڕێی ده‌ستوور و یاسای وڵاته‌وه، قورسترین سزایان بۆ ئه‌و كه‌سانه داناوه كه ئاینی خۆیان ده‌گۆڕن و له شیعه دوور ده‌كه‌ونه‌وه، چونكه ئه‌مه به سه‌ره‌تای وه‌رینی ده‌سه‌ڵاتی 40 ساڵه‌ی خۆیان ده‌زانن، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌ك هه‌ر ڕێگری له گۆڕینی مه‌زه‌و و ئاین ده‌كه‌ن، بگره به به‌رده‌وامیش سووكایه‌تی و كێشه بۆ پێڕه‌وكارانی ئاینه‌كانی تر له ئێران ده‌كه‌ن، زۆریان لێ ده‌كه‌ن تا ببن به شیعه، دوای ئه‌مه پۆست و پێگه و پله‌یان له ئێران پێ ده‌درێت.
له ڕقی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی به‌رده‌وامی مه‌لاكانی شیعه و هه‌ژاربوونی پێڕه‌وكارانی مه‌زه‌وی شیعه، خه‌ڵكی ئاینیان ده‌گۆڕن
دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی كۆماری ئیسلامی دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه 99.5%ی خه‌ڵكی ئێران ئیسلامن، واته مه‌به‌ستیانه كه شیعه‌ن له كۆی ژماره‌ی دانیشتووانی ئێران كه 82 ملیۆن كه‌سه، به‌ڵام دامه‌زراوه‌كانی جیهان ئه‌و ئاماره ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ئێران یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه به خێراییه‌كی زۆره‌وه گۆڕانكاری ئاینی لێ دروست بووه و له چه‌ند ساڵی ڕابردوو 50 هه‌زار ئێرانی ئاینی خۆیان گۆڕیوه و پێوه‌ندییان به مه‌زه‌وێكی تر یان ئاینێكی تر كردووه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه زۆربوونی ژماره‌ی سونه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌مترین مزگه‌وت له وڵاته‌كه هه‌یه، به‌ڵام ڕاپۆرته‌كه ئاماژه‌ی داوه، كه له تاران ڤێلا گه‌وره‌كان له‌لایه‌ن سوننه‌كانه‌وه وه‌ك مزگه‌وت سوودی لێ وه‌رده‌گیرێ و خه‌ڵكی ڕۆژانی هه‌ینی لێی كۆ ده‌بنه‌وه، ئه‌مانه‌یش ترسی خستووه‌ته سه‌ر دڵی سیسته‌می ئیسلامی له ئێران و هه‌مووان له كاردانه‌وه‌كانی زۆربوونی ئه‌و دیارده‌یه ده‌ترسن.