لێپرسینەوە لە ترەمپ رەت دەكرێتەوە

:: PM:01:27:27/01/2021 ‌
یەكێك لە سیناتۆرە كۆماریخوازەكان لە ئەنجوومەنی پیران، دژی لێپرسینەوەی ترەمپ پڕۆژەیەكی پێشكەش كرد، تێیدا لێپرسینەوە لە سەرۆكێك كە لە دەسەڵاتدا نەماوە، بە كارێكی نایاسایی هەژمار كرد و زۆربەی كۆماریخوازانیش پشتیوانییان كرد. بەمەش ئەگەری سەرخستنی لێپرسینەوە لە ترەمپ زۆر لاواز دەبێت.

بەپێی ئەو دەنگدانەی لە ئەنجووەمنی پیران كرا، لە 50 سیناتۆری كۆماریخواز 45 كەسیان پاڵپشتییان لە پڕۆژەكە كرد، بەمەش ئەو پڕۆژەیە شكست دەهێنێت كە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ لێپرسینەوە لە ترەمپ پێشكەشی ئەنجوومەنی پیران كرابوو.

45 سیناتۆری كۆماریخواز پێیان وابووە ئەوەی دەكرێ نایاساییە


رەند پاوڵ یەكێك لە سیناتۆرەكانی كۆماریخواز لە تویتێكدا نووسی: 45 سیناتۆری كۆماریخواز پێیان وابووە ئەوەی دەكرێ نایاساییە و پڕۆژەكە هەر لە سەرەتاوە شكستی هێناوە."

بەڵام رێبەری زۆرینەی دیموكرات لە ئەنجوومەنی پیران، لێكدانەوەی پاوڵی بە هەڵە هەژمار كرد و گوتی، سەرۆك لە كاتێكدا تاوانی كردووە كە لە دەسەڵاتدا بووە، بۆیەش لێپرسینەوە یاساییە و ئەنجوومەنی پیران دەتوانێ قبووڵ یان رەتی بكاتەوە.

دوێنێ سێشەم پڕۆژەیاسای پەسندكراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بۆ لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ، بە فەرمی رادەستی ئەنجوومەنی پیران كرا و لەو پڕۆژەیەدا ترەمپ بەوە تۆمەتبار كراوە هانی راپەڕینی داوە.

بەگوێرەی پڕۆژەكە، لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ لە نۆی شوباتی داهاتوو دەست پێ دەكات. لە شەشی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ بەهۆی هاندانی خەڵك و هێرش بۆ سەر كۆنگرێس، بۆ ماوەیەك كارەكانی گرنگترین دامەزراوەی یاسایی ئەمەریكای پەك خست.

ئەنجوومەنی نوێنەران رۆڵی دادگایەك دەگێڕێت لە یەكلاكردنەوەی پرسینەوەی دۆناڵد ترەمپ، هەڵسەنگاندنی ورد بۆ تۆمەتەكە دەكات كە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند كراوە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز ئەنجوومەنی پیران بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی ترەمپ پەسند بكات، پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی نوێنەرەكان هەیە و ئەگەر لێپرسینەوە سەر بگرێت، ترەمپ بۆ هەمیشە لە هەر جۆرە بەرپرسیارێتییەكی فیدراڵی بێبەش دەكرێت. ئەنجوومەنەكە پێویستی بە 17 نوێنەری كۆماریخوازیش هەیە تا بتوانێ رەزامەندی لەسەر لێپرسینەوە بدات. 

12 نوێنەر دەمێنێت تا رێژەی یاسایی دەستەبەر بكات.


هەڵوێستی 45 سێناتۆری كۆماریخواز لە دژی پڕۆژەكە، نیشانەی ئەوەیە لە كۆبوونەوەی مانگی داهاتووی ئەنجوومەنی پیران بۆ لێپرسینەوە لە دۆناڵد ترەمپ، ئەوپەڕی 55 نوێنەر پاڵپشتی دەكەن و بەمەش رەت دەكرێتەوە، چونكە 12 نوێنەر دەمێنێت تا رێژەی یاسایی دەستەبەر بكات.

ئەمە دووەم جارە لێپرسینەوە لە ترەمپ دەكرێ. لەوەی پێشوو لێپرسینەوەكە بە تۆمەتی خراپ كەڵوەرگرتن لە دەسەڵات بوو و كاتێك گەیشتە ئەنجوومەنی پیران، نەتوانرا لەوێ دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت.



وشە - سلێمان تاشان