چین پێشنیازی پشكنینی كۆرۆنا لە شوێنێكی هەستیاری مرۆڤ دەكات

:: PM:05:23:27/01/2021 ‌

بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا ساڵێكی تێپەڕ كرد، كاتێك لە ووهانی چینییەوە سەری هەڵدا و لە ماوەیەكی كەمدا تەواوی دنیای گرتەوە و ملیۆنان تووشبوو و حاڵەتی مردنی لێ كەوتووەتەوە، جیا لە دۆزینەوەی پێكوتە، كە تا ئێستە متمانەیان 100% نییە، پەرەپێدانی پشكنین بۆ ئاشكرابوونی توشوبوون و چاكبوونەوە لەو ڤایرۆسە بەردەوامە، چین پێشنیازی ئاشكراكردنی پەتاكە لە دەرچەی كۆمەوە دەكات.
دەكرێت لە سەنتەرەكانی كەرەنتینە پشتی پێ ببەسترێت
ئێستە لەچین مشتومڕێك هەیە لەبارەی بەكارهێنانی رێگایەكی نوێ بۆ ئەنجامدانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەویش بە وەرگرتنی سامپڵە لە دەرچەی كۆمی مرۆڤەوە لەبری لووتی، رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات ئەو مشتومڕە كاتێك دیاركەوت میدیاكانی سەر بە حكوومەتی چینی باسی بوونی پرۆتۆكۆلێكی نوێیان بۆ رووبەڕووبوونەوە و چارەسەركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد بە وەرگرتنی نموونە لە كۆمەوە.

پزیشكانی چین دەڵێن، ئەو رێگایە ئەنجامی وردتری هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە چاكبوونەوە لە پەتاكە و چەند تاقیكردنەوەیەك دەری خستووە كە رەنگە وەرگرتنی سامپڵ لە شلە و ناوپۆشی لووت ئەنجامەكەی نێگەتیڤ بێت، لەوكاتەی وەرگرتنی سامپڵێك لە كۆم دەری دەخات كە ئەگەر نەخۆشەكە هێشتا هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت.

تەنانەت ئەو پزیشكانەی  پاڵپشتی لەو رێگایە دەكەن، دەڵێن رێگایەكی بێزاركەرە، بۆیە دەكرێت بەشێوەیەكی سنووردار بەكاربێت و لە ناوەندەكانی كەرەنتینە پشتی پێ ببەسترێت، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو كەسانە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نین.

 باسكردنی ئەو رێگایە نوێیە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی پشووی سەری ساڵی چینی، كە گەشتكردنی چینییەكان زۆر زیاد دەكات، شێوازی پشكنینەكەیش بریتییە لە وەرگرتنی نموونەیەك لە پاشەڕۆی مرۆڤ و ئەنجامدانی پشكنین لەسەری، ئەگەر ئەوەیش نەكرا، وایەرێكی پلاستیكی سەرەكەی لۆكە بێت، بۆ قووڵایی 3-5 سانتیمەتر دەخرێتە ناو دەرچەی كۆمەوە بۆ وەرگرتنی سامپڵەكە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل