ئالووسی پێوەندی راستەقینەی ئێران و میلیشیاكان بە ئیسرائیل ئاشكرا دەكات

:: PM:09:09:27/01/2021 ‌

میسال ئالووسی سیاسەتوانی دێرین و لیبرالی عێراق دووپاتی كردەوە كە نوێنەری میلیشیاكان و ئێران چاویان بە ئیسرائیلییەكان كەوتووە و بەڵێنیان پێ داون تا 700 مەتر لە سنوورەكانی ئیسرائیل دوور بكەونەوە و ئەوان جەنگیان ناوێت.
نوێنەرەكەی حەشد و ئێران داوای دیداری تری كرد، بەڵام ئیسرائیلییەكان رەتیان كردەوە
ئالووسی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل بەدەستی من و تۆوە نییە ئەگەر ببێت، بانكی ناوەندی عێراق دەتوانێ بڵێت ئەو دۆلارانەی لەوێ هەن لە بانكی ناوەندی ئیسرائیلەوە نەهاتووە، ئێستە بەسڕە گەورەترین بەندەرە مامەڵە لەگەڵ حەیفا دەكات، كالایەكی زۆری فەلەستین و ئوردنی لێرەیە و باش دەزانین سەرمایەكەی ئیسرائیلییە، لە بەسرە و بەغدا و نەجەف و كەربەلا و رەمادی، كاڵا بەناوی فەلەستینەوە دێت، دەزانین دەستی كاركەرەكە فەلەستینییە، بەڵام سەرمایە و تەكنۆلۆجیایەكە ئیسرائیلییە.

ئالووسی دووپاتی كردەوە، ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و رانەگەیندراوە، لە هوتیلی رۆتانا له‌ هه‌ولێر كەسێك دانیشتبوو كە نوێنەرایەتی میلیشیاكانی لە بەغدا دەكرد، كە بەناوی ئێرانەوە قسەی دەكرد، لەگەڵ كەسێك كە نوێنەرایەتی ئیسرائیلی دەكرد جوو بوو، ئەوان دانیشتبوون، من ئامادە بووم، نوێنەری میلیشیاكان گوتی، ئێمە و ئێران ئامادەین بنكەی هەڵدانی مووشەكەكانمان تا سنووری 700 مەتر دوور لە سنوورەكانی ئیسرائیل پاشەكشە پێ بكەین، وەك ئاماژەیەكی دۆستانە بەوەی ئێمە جەنگمان لەگەڵ ئیسرائیل ناوێت.

ئەو سیاسەتوانە دەپرسێت، ئەگەر جەنگتان لەگەڵ ئیسرائیل ناوێت، بۆچی گەلی عێراق و ئێرانتان بە باسی بەرگریكاری و داگیركاری سەرقاڵ كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری ئیسرائیل گوتی، ئێوە جێگای متمانە نین و زیاتر لە قسەكردنمان پێ بدەن، دوای ئەو دیدارە نوێنەرەكەی حەشد و ئێران داوای دیداری تری كرد، بەڵام ئیسرائیلییەكان رەتیان كردەوە، چونكە نوێنەرەكەی ئیسرائیل گوتی، بەردەوام نابم و ئەوە شتێكی رەتكراوەیە، لێرەدا پرسیار لە حكوومەتی عێراق و میلیشیاكان دەكەم، ئاخۆ نوێنەر یان كەسێكی ئیسرائیلی لە ناوچەی سەوزی بەغدا نییە؟، ئەگەر بڵێن نەخێر یان نازانن درۆ دەكەن.
 
"پێم وا نییە حكوومەتی عێراق مامەڵەی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت، ئەوەی هەیە بەڵێنێكە لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە كە پێش ماوەیەك داویەتی، ئەوكاتەی سەرۆك وەزیران لە سەردانێك بووە بۆ دەرەوەی عێراق، ئەوان بە ئیسرائیلییەكانیان گوتووە تەنیا ساڵێكمان پێ بدەن، چۆن و لەسەر چ بنەمایەك نازانم"، ئالووسی وای گوت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل