دادگای كۆریا هاوردەكردنی بووكەڵەی سێكسی ئازاد كرد

:: PM:03:36:30/01/2021 ‌
دادگایەكی سیئولی پایتەختی كۆریای باشوور، مۆڵەتی هاوردەكردنی بووكەڵەی سێكسی بە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە دا كە لە لایەن چینەوە بەرهەم دەهێنرێن.

ساڵی رابردوو كۆمپانیایەكی كۆریای باشوور هەوڵی هاوردەكردنی بووكەڵەی سێكسی دا، بەڵام بەشی گومرگی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی گیمپو كە كەوتووەتە نزیك سیئولی پایتەخت، رێی نەدا ئەو بووكەڵانە هاوردە بكرێن و بە پێچەوانەی بەها كۆمەڵایەتییەكانی ئەو وڵاتەی هەژمار كرد.

ئەم بووكەڵانە نابنە هۆی تێكدانی بەها كۆمەڵایەتییەكان


كۆمپانیا هاوردەكارەكە هانای بۆ دادگا برد و دادگاش دوای ساڵێك لێكۆڵینەوە، بڕیاری خۆی دا و گوتی ئەم بووكەڵانە نابنە هۆی تێكدانی بەها كۆمەڵایەتییەكان، چونكە لە چوارچێوەی ژیانی تایبەتیی تاكەكان سوودیان لێ وەردەگیرێت.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، دادگا گوتوویەتی حكوومەت وێڕای بەرگری لە بەها و ئازادییەكان، بۆی نییە لە كاروباری كەسی هاووڵاتییاندا دەستوەردان بكات.

گومرگی گیمپۆ ئەو بڕیارەی دادگای بەدڵ نییە و گوتوویەتی، دژی ئەو بڕیارەی دادگا داوای پێداچوونەوە دەكات و هەموو هەوڵێكی خۆی بەگەڕ دەخات رێ لە هاوردەكردنی ئەم بووكەڵە سێسكییانە بگرێت.

پێویستە بگوترێ چین بووكەڵەی سێكسی لە شێوەی مرۆڤ دروست دەكات و هەناردەی بازاڕەكانی دنیای دەكات و ئەم پیشەسازییەشی كردووەتەوە سەرچاوەیەكی تری داهات.


وشە - سلێمان تاشان