شۆڕبوونەوەی پێڵووی چاو و چارەسەری

:: PM:07:20:02/02/2021 ‌

ئەوكاتەی سەیری ئاوێنە دەكەیت، تۆ بەخەبەریت و رەنگە چاوەكانت خەواڵوو ببینیت، ئەگەری هەیە هۆكارەكەی خاوبوونەوەی پێڵووی سەرەوەی چاوەكانت بێت، بێتە سەر چاوت و كار بكاتە سەر هەستی بینینت، ئەو حاڵەتە پێی دەگوترێت بە شۆڕبوونەوەی پێڵوو. 

لە نیشانەكانی ئەو حاڵەتە شۆڕبوونەوەیەك یەكێك یان هەردوو پێڵووی چاوەكانە، ئازاری نابێت، بەڵام رەنگە كار بكاتە سەر توانای بینین و ناچار بیت سەرت بۆ پشتەوە بجووڵێنیت و چەناگەت بەرز بكەیتەوە بۆ بینینی باشتر، یان ناچاربیت پەستان بخەیتە سەر برۆكانت بۆ بەرزكردنەوەی پیڵووەكان، كە بەتێپەڕبوونی كات ئەو جووڵانە كار دەكەنە سەر سەر و ملت. 
چوونە ناو تەمەن و هەستیاریی وەرزی و بۆماوە چەند هۆكارێكی حاڵەتەكەن
هۆكاری تووشبوون بەو حاڵەتە رەنگە بەهۆی زیانكەوتن لە هەستەدەماری ماسوولكەی پیڵووەكان بێت، رەنگە بەهۆی بەركەوتنی گورز یان نەخۆشییەوە بێت، كە ماسولكەی پێڵوو یان بەستەری بەرزی دەكاتەوە لاواز دەكات، هەروەها خوراندن بەردەوامی چاو، كاتێك بەهۆی راكێشانی پێستەوە كاتێكی دەوێت بۆ گەڕانەوە بۆ باری ئاسایی و رەنگە ببێتە هۆی خاوبوونەوەی پێستی پیڵوو و نەگەڕانەوەی بۆ باری ئاسایی خۆی، هەروەها بەهۆی چوونە ناو تەمەن روودەدات بەهۆی لاوازیی پێست و  ماسولكەكان، جیا لە بوونی هەوكردنی چاو.

رەنگە شۆڕبوونەوەی پیڵوو بەهۆی تێكچوونی هەستە دەمارەكانەوە رووبدات و ببێتە هۆی خاوبوونەوەی پێست داخرانی چاو لەگەڵ چوونە ناو تەمەندا، هەروەها هەستیاری و هۆكاری بۆماوەیی ببنە هۆكاری شۆڕبوونەوەی پێڵووەكان یان ئاوسانی بەهۆی هەستیاریی وەرزی، چونكە پێستی پیڵوو كاتێك دەئاوسێ شۆڕدەبێتەوە، جیا لەوانە وشكهەڵگەڕانی بەردەوامی چاو دەبێتە هۆی شۆڕبوونەوەی پێستی دەوری چاو. 

ئەگەر ئەو حاڵەتە كێشەی بۆ بینینت دروست نەكرد، رەنگە پێویست بە چارەسەری نەكات، بەڵام ئەگەر كێشەی بینین بۆ دروست كرد پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە بەلابردنی پێستی زیادە و توندكردنەوە و راكێشانی ماسولكەی پێڵوو یان بەستنەوەی ماسولكەكە و راستكردنەوەی، دەشتوانی جۆرێك چاویلەكە ببەستیت كە پیڵووەكانت بەرز بكاتەوە بۆ بینین باشتر، ئەوە لە نەشتەرگەری دوورت دەخاتەوە.     


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل