جاسم شمه‌ری نووسه‌ری عێراقی بابه‌تێكی به ناونیشانی "چی ده‌بێ ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق هه‌ره‌س بهێنێت" بڵاو كردووه‌ته‌وه و چه‌ندان پێشبینی و گریمانه له‌وباره‌وه ده‌خاته ڕوو، گرنگترینیان هاتنه‌وه‌ی داعش و داگیركردنی چه‌ندان پارێزگه‌ی عێراقه، هاوكات كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركووك و ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كانه له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
شمه‌ری له وتاره‌كه‌ی نووسیویه‌تی، جارێكی تر گفتوگۆ و لێدوان به چڕی له‌سه‌ر هه‌ره‌سی پرۆسی سیاسی له عێراق ده‌گوترێته‌وه و باسی لێوه ده‌كرێت، ئه‌و هۆشداریانه نوێ نین، پێشتریش چه‌ندان سیاسی و ڕێكخراو و ده‌سته‌ی سیاسی ئه‌و هۆشداریانهیان داوه له‌وه‌ی عێراق به ته‌واوی هه‌ره‌س ده‌هێنێت.
ئاماژه‌ی داوه، له ماوه‌ی ڕابردوو مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری كورد هۆشداری دا، كه پرۆسه‌ی سیاسی له هه‌موو كاتێك نزیكتر له هه‌ره‌س و شكست، به‌و شێوه‌یه‌ش دۆخێكی نه‌خوازراو له عێراق دروست ده‌بێ و چیتر عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت بوونی نامێنێت، مه‌ترسیش هه‌یه كه هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا ده‌ست به‌سه‌ر عێراقدا بگرن.
پێشتریش شه‌ریف عه‌لی بن حوسێن سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی خاوه‌نداری ده‌ستوور له عێراق دووپاتی كرده‌وه، كه سیسته‌می سیاسی و پرۆسه‌ی سیاسی تا هاوینی ئه‌مساڵ خۆی ناگرێ و حكوومه‌ت ناتوانێ مووچه ده‌سته‌به‌ر بكات و ته‌نگژه‌ی دارایی قووڵ ده‌بێته‌وه و كۆتایی عێراق ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، ئه‌مه‌یش به‌و مانایه دێ، كه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یش ناتوانرێ ئه‌نجام بدرێ و وڵات ده‌كه‌وێته ناو ئاڵۆزییه‌كی بێ كۆتاوه.
پرۆسه‌ی سیاسی هه‌ره‌س بهێنێت شه‌ڕی ناوخۆی له عێراق دروست ده‌بێ و خوێنڕێژی ترسناك ڕوو ده‌دات
نووسه‌ر گریمانه‌ی ڕووخانی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق ده‌كات و به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌گه‌ڕێ، كه چی ڕوو ده‌دات، كاتێك پرۆسه‌ی سیاسی هه‌ره‌س بهێنێ و چه‌ند سیناریۆ و ئه‌گه‌رێكی واقیعی ده‌خاته ڕوو كه سه‌ره‌كیترین خاڵ بریتییه له ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری له به‌غدا و شاره‌كانی تر و تێكدانی هه‌موو دامه‌زروه سه‌ربازی و مه‌ده‌نییه‌كانی عێراق و كۆنتڕۆڵكردنیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه، ئه‌گه‌رێكی تر بریتییه له كۆنتڕۆڵكردنی عێراق له‌لایه‌ن هێزی دژه تیرۆر یان هێز و گرووپه جیا جیاكانی تر، ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی له عێراق بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ یان زیاتر.
له‌و نێوه‌نده‌یشدا ئه‌گه‌ری ململانێی سه‌ربازی له نێوان شیعه‌كان ڕوو ده‌دات، دوای ئه‌وه‌ی عامری و مالیكی به پشتیوانی میلیشیاكان و سه‌در به پشتیوانی سه‌رایا سه‌لام هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات له عێراق ده‌ده‌ن، به‌مه‌یش جه‌نگێكی خوێناوی دروست ده‌بێت و گه‌وره‌ترین كاره‌سات به خه‌ڵكی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.
شمه‌ری نووسیویه‌تی، سیناریۆیه‌كی تری به‌هێز ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی داعش و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی پارێزگه‌كانی وه‌ك ئه‌نبار و مووسڵ و دیاله و سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركووكه، ئه‌مه‌یش به‌هۆی دروستبوونی بۆشایی گه‌وره‌ی ته‌ناهی و خه‌ریكبوونی هێزه‌كانی عێراق به شه‌ڕی ناوخۆی له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات، به تایبه‌ت كه ئێسته‌یش ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له عێراق و سووریا به زیاتر له 10 هه‌زار چه‌كدار ده‌خه‌ملێنرێن.
گریمانه‌یه‌كی تر بریتییه له دروستبوونه‌وه‌ی شه‌ڕێك هاوشێوه‌ی شه‌ڕی مه‌زه‌وی دوای ڕووخانی به‌عس، شه‌پۆلی گه‌وره‌ی گرتن و ڕفاندن و كوشتن ده‌ست پێ ده‌كات و ته‌قینه‌وه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕۆژانه له شاره‌كان ڕوو ده‌ده‌ن و قوربانییه‌كان زۆرتر ده‌بن و نه یاسا و نه هیچ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێ به‌ری پێ بگرێت و كۆتایی به‌و دۆخه بهێنێت.
ئاڵۆزی و شه‌ڕی میلیشیاكان دژی میلیشیاكان، هێزی عه‌شایه‌ر و هۆزه‌كان دژی میلیشیاكان، داعش و میلیشیاكان، میلیشیاكان له‌گه‌ڵ سوپا و هێزه فه‌رمییه‌كان دروست ده‌بێت، جه‌نگێكی وێرانكه‌ر و ماوه درێژ به‌رۆكی عێراق ده‌گرێت، له حاڵه‌ته ئاشتییهكهیشی دا، ئه‌وه ئه‌نبار و پارێزگه‌كانی تری سوننه هه‌رێمی سوننه ڕاده‌گه‌یه‌نن و دابه‌شبوونی عێراق بۆ سێ هه‌رێم ده‌بێته واقیعێك و ناتوانرێ نكۆڵی لێ بكرێت.
به‌هۆی تێكچوونی دۆخی عێراق، ئه‌گه‌ری زۆریش هه‌یه كه جارێكی تر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ته‌واوی عێراق بڵاو ببنه‌وه، تا كۆنتڕۆڵی دۆخه‌كه بكه‌ن و كۆتایی به خوێنڕێژی و توندوتیژییه‌كان بهێنن.
هه‌رێمی كوردستان به ئارامی ده‌مێنێته‌وه و كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تریش كۆنتڕۆڵ ده‌كاته‌وه
له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستانهوهیش نووسه‌ر دووپاتی كردووه‌ته‌وه، كه هه‌رێمی كوردستان به ئارامی و جێگیری ده‌مێنێته‌وه و دۆخی سیاسی و ته‌ناهی به ته‌واوی له كه‌شێكی گونجاو و بێ كێشه ده‌بێت، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ دۆخی ئاڵۆزی عێراق و شه‌ڕی ناوخۆیش بقۆزێته‌وه، بۆ ڕێگری له كه‌وتنی كه‌ركووك و ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان، به ده‌ستی پاشماوه‌كانی داعش، جارێكی تر هێزی پێشمه‌رگه سه‌رجه‌م ناوچه‌كان كۆنتڕۆڵ بكاته‌وه.
ئه‌م سیناریۆیانه به‌رهه‌می خه‌یاڵ و لێكدانه‌وه‌ی بێ بنه‌ما نین، به‌ڵكو گریمانه و پێشبینین كه له واقیعی تاڵ و نه‌خۆشی عێراق هه‌ڵێنجراون و به‌رهه‌مهاتوون، چونكه هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه دۆخی عێراق وه‌ك بۆمبێكی كاتییه و له هه‌ر ساتێك ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی هه‌یه.