تۆپی پێی کوردستانیش ڤاکسینێکی گەرەکە!

:: PM:01:32:18/02/2021 ‌
ئاراس رواندزی

 توندوتیژیی جەماوەر و شەڕ و ئاژاوەگێڕیی یاریگه‌کان، یەکێکە لەو ڤایرۆسە کوشندانەی کە گۆڕەپانەکانی تۆپی پێی کوردستانی تەنیوە و تا ئێسته‌ش هیچ ڤاکسینێک بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەخراوەتە روو .

رووداوەکانی هەفتەی رابردوو سەلماندی، کە ناکرێ چیتر لە ئاست ئەو دیاردە ترسناکە بێدەنگیی بنوێنرێت، چونکە توندوتیژییەکان رۆژ بە رۆژ بەرەو هەڵکشان دەچن، بە ئەندازەیەک مەترسی لەسەر ژیانی تەواوی  کارەکتەرەکانی نێو کایەکەش دروست کردووە، هێرشکردنە سەر یاریزانان و ناوبژیوانان و میدیاکاران و شەڕی جەماوەری یانەکانیش، وەک دیمەنی دووبارەی فیلم و دراماکانی لێهاتووە و ساڵانە وێنە تراژیدییەکانی دووبارە دەبنەوە! 

نایشارمەوە من لەو پرسەدا فیدراسیۆنەکەی کوردستان کە باڵاترین دەسەڵاتی تۆپی پێن، بە کەمتەرخەمترین لایەن دەزانم، چونکە لە ماوەکانی رابردوو هیچ  هەنگاوێکی کاریگەریان بۆ تیماری ئەو شێرپەنجە مەترسیدارە نەگرتە بەر، لە کاتێکدا بەهۆی دووبارەبوونەوەی کاری توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی، ساڵانە چەند هەفتەیەک خولەکان دەوەستان و ئێسته‌ش بە هەمان بیانوو ستۆپ بە خولەکە کراوە. 

لێرەدا بە پێویستی دەزانم بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری بەرپرسانی وەرزشی، جارێکی تر بە چەند خاڵێک هۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی و میکانیزمەکانی چارەسەری بخەمەڕوو.
 
پاشگەزبوونەوە لە بڕیاردان
 پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێ لە بابەتی بڕیاردان رژد و توند بێ، ناکرێ تۆ بڕیاری سزادانێک دەربکەیت و دوای ماوەیەکی کەم بە بڕیارێکی تر لێخۆشبوونی بۆ دەربکەیت، چونکە ئەم شێوازە کارکردنە متمانە ناهێڵێ و دەرفەت بۆ دووبارە بوونەوەی هەڵە و توندوتیژی زیاتر دەخوڵقێنێ.

کاریگەریی جوڵەی هەرزەکارانە
یانەکان و ئەندامانیان زۆر جار بوونەتە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاژاوەگێڕی، بە هۆی ئەوەی لە شوێنی یەدەگەکانەوە جوڵەی هەرزەکارانە و نارەزایەتیی زۆر دژی بڕیارەکانی ناوبژیوان ئەنجام دەدەن، ئەمەش بە شێوەیەک لە شێوەکان جەماوەر دەوروژێنێ و کاردانەوەی نەرێنی دروست دەکات، کە هەندێک جار دەگاتە ئاستێک، دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێ، بۆیە دەبێ دەستەی کارگێڕیی یانەکان لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن و هۆشداری و وشیاری بە سەرپەرشتیارو دەستەی هونەری و یاریزانەکانیان بدەن، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی کارێکی لەو چەشنەش، پێویستە سزای کارگێڕی و دارایی بەسەر کەسی سەرپێچیکار بسەپێن. 

 لاوازیی ئاستی رۆشنبیری یاریزانەکان
 شتێکی نکۆڵی لێ نەکراوە، کە نیوەی یاریزانانی کورد ئاستی رۆشنبیری وەرزشییان لاوازە و لە رووی زانینی یاساکانی تۆپی پێشەوە، تا ئەندازەیەک هەگبەیان خاڵییە، بۆیە لە کاتی لێدانی هەر فیکەیەکی دادوەر، زۆرترین ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بەشێکیشیان جوڵەی هەرزەکارانە ئەنجام دەدەن، کەوایە پێویستە یانەکان و خودی یاریزانەکانیش لەم بارەوە ئاستی رۆشنبیری و زانستییان بەرز بکەنەوە.
 
هەڵەی ناوبژیوانان و فشاری جەماوەر
هەندێ جار ناوبژیوان هەڵەیەکی زەق دەکات و کاریگەریی بەسەر ئەنجامی یارییەکە جێدەهێڵێ، زۆر کاتیش بینیومانە بەهۆی هەڕەشە و فشاری زۆری جەماوەر، ناوبژیوان ناچار بە بڕیاری هەڵە کراوە، لە هەردوو باردا رەنگە بەریەککەوتنی جەماوەرو هێرش و پەلاماردانی لێ بکەوێتەوە، کەوایە پێویستە ناوبژیوانانیش لە رێگەی خولی زیاترەوە ئاست و توانستیان بەرزتر بکرێتەوە، تا لە کاتی بوونی هەر چەشنە فشارێکدا بوێربن و ناچار بە هەڵە نەبن.

نەبوونی پۆلیسی مەدەنی تایبەت بە یاریگاکان
ئاشکرایە ژمارەی ئامادەبوونی جەماوەر لە یاریگه‌کانی کوردستان، بەو شێوەیە نییە کە نەتوانرێ لە کاتی پێویستدا کۆنتڕۆڵ بکرێن، بینیومانە لە یارییەکدا زیاتر لە پەنجا ئاسایش بوونی هەبووە، ژمارەی جەماوەریش لە چەند سەد کەسێک تێنەپەڕیوە، بەڵام لە کاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی دروست هەوڵی هێورکردنەوە بدەن، بگرە بە پێچەوانەوە بە هۆی ئەوەی تایبەتمەند نین و بۆ ئەو کارە رانەهێنراون، یەکەم بژاردەیان بۆ ئاساییکردنەوە، کلاشینکۆفەکانی سەر شانیان بووە کە بەهۆیەوە دۆخەکەیان پتر ئاڵۆزکردووە، بۆیە لێرەدا ئەوەندەی تایبەتمەندی و ئەقڵ و ئەزموون پێویستە، ئەوەندەش ژمارە زۆری ئاسایش پێویست و گرنگ نییە.
 
خراپی و ستانداردنه‌بوونی یاریگه‌کان
 بەداخەوە یاریگه‌کانی کوردستان بە شێوەیەک بنیاتنراون، کە جەماوەر بە ئاسانی دەتوانێ بێتە نێو گۆڕەپان و هەر کارێکی مەبەستی بێ ئەنجامی بدات، تەنیا لە هەفتەی دوایی خولەکەدا، لە سێ یاریگه‌دا هاندەران بە لێشاو رژانە نێو چیمەنی یاریگه‌ و کاری تووندووتیژییان بەرامبەر (ناوبژیوان، یاریزان، میدیاکار) ئەنجام دا، بۆیە پێویستە لەمەودوا بە بڕیارێک یانەکان ناچار بکرێن، کە بەربەست بۆ چواردەوری یاریگه‌ دروست بکەن، جا تەلبەند یاخود هەر شتێکی تری سەرده‌میانە بێ، کە رێگری لە هاتنە ناوەوەی جەماوەر بۆ نێو یاریگه‌ بکات، بە پێچەوانەوە لە کاتی هاتنە ناوەوەی هەر هاندەرێک، پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێ، یانەی خاوەن یاریگه‌ سزا بدات.

رکابەری و ململانێی حزبی
 بەداخەوە لە هەرێمەکەماندا هیچ یانەیەک نییە سەر بە حزبەکانی ئەمبەر و ئەوبەر نەبێ، هۆکارەکانیش روونن و نامەوێ لێرەدا باسیان بکەم، ئینجا بەهۆی پەیوەندیی ناتەندروست و رکابەری حزبەکانیش، بەشێک لە یارییەکان لە چوارچێوەی وەرزش دەردەچن، بۆیە دواجار دۆڕاو ناچارە بە شێواندنی دۆخەکە، پاساوێک بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکەی بدۆزێتەوە، کەوایە گرنگ و پێویستە یانەکان ئەو بەرگ و ئەقڵە حزبییە بەلاوە بنێن و بە بیر و چاوێکی وەرزشییانە لە رکابەرییەکان بڕوانن.

شارچیه‌تی و دروستکردنی رق
ئەوەی بەعس و هاوشێوەکانی بە دەیان ساڵ و پارەیەکی ئێجگار زۆر و جۆرەها پیلانگێڕی بۆیان نەکرا، مخابن خەریکە کەمینەیەک لە ناو کایەی وەرزش نەزانانە و بێ بەرامبەر خزمەت بەو ئامانجەی دوژمنان دەکەن، دروستکردنی رق و وروژاندنی هەستی شارچیه‌تی و بەگژیەکدادانی شارەکان، شتێکی نامۆ و تازەی نێو وەرزشی کوردستانە، ناکرێ رێگە بدەین شار و شارۆچکەکان و لاوانمان بە هۆی تۆپی پێوە دژایەتی و رکابەری یەکتر بکەن، چونکە خودی کایەکە هۆکارێکە بۆ لێکنزیکبوونەوە و خۆشویستن و ئاشتی و پێکەوەیی، نەک پێچەوانەکەی، بۆیە پێویستە بە هەر شێوەیەک بێ، بەر بەو دیاردە مەترسیدارە بگرین و رێگە نەدەین زیاتر تەشەنە بکات، بۆ ئەو مەبەستەش گرنگە میدیا و تیپەکان و دەستەی هاندەرانی یانەکان، رۆڵی ئەرێنی و کاریگەر بۆ وشیارکردنەوەی جەماوەر و بنبڕکردنی ئەو دیاردە بێ ئەندازە مەترسیدارە، بگێڕن.

دیارە فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی، زۆر لەو خاڵانە زیاترن، لێ ئەوانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێ کردوون، هەرە کاریگەرەکانن، لێرەدا ناکرێ بێ ویژدانی بنوێنین و تەنیا بەرپرسانی تۆپی پێی هەرێم بە هۆکار بزانین، بە هەمان شێوە بۆ چارەسەریش ناکرێ رووی داواکارییەکان تەنیا لە فیدراسیۆنی پەیوەندیدار بێ، چونکە هۆکارەکان فرە لایەنن، کەوایە هەنگاوەکانیش پێویستیان بە هەماهەنگی و کاری هەمەلایەنە هەیە، بۆیە بە پێویستی دەزانم بیرۆکەی سازدانی کۆنفرانس یا سیمینارێکی گەورە بخەمە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش و فیدراسیۆنی تۆپی پێ، کە تێیدا بانگهێشتی دەستەی کارگێڕیی یانەکان، راهێنەران، میدیاکاران، دەستەی هاندەران و پسپۆڕانی وەرزشی بکرێت، تا وردترو زانستیانەتر پەنجە بخرێتە سەر برینەکان، ئینجا دوای دەستنیشانکردنی فاکتەرەکان و گەڵاڵەکردنی راسپاردەکان، بە هەوڵ و هاوکاری هەموو ئەو لایەنانەی سەرەوە، کار بۆ بنبڕکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی بکرێ، بۆ داهاتووش زۆر گرنگە ئەنجامدانی ئەو گردبوونەوەیە بکرێتە کلتوورێکی ساڵانە و لە رێگەیەوە گرفت و کێشەکانی وەرزش و خاڵەکانی چارەسەرکردنیان بخرێنە روو.



وشە - تایبه‌ت