رووبار ڕەشید كاكەیی یەكەم ژن كە گۆرانی بۆ نەهامەتیی كاكەییەكان گوت

:: AM:09:02:19/02/2021 ‌
لەمێژە ژنانی كورد هاتوونەتە مەیدانی هونەر و بەتایبەت گۆرانی و بواری مەقام، وەلێ‌ رووبار خانم جیاواز لەوانی پێشووی خۆی، لە رووی شێوەزار و دەربڕینی ئازارەكان و قوربانییەكانی كاكەییەكان، رچەشكێنی كردووە، بۆ زیاتر شارەزابوون لەم خاتوونە هونەرمەندە، گوێ‌ لە خۆی دەگرین و خۆی بەمجۆرە پێمان دەناسێنێ‌ و دەڵێت: ناوی تەواوم "رووبار ڕەشید كاكەیی"یە، لە ساڵی1987 لە شاری كەركووك لە دایك بوومە، لە ساڵی 2011 هاوسەرگیریم كردووە لەگەڵ راگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووس "هەژار ڕەشید" كە  بەرهەمی هاوسەرگیرییەكەمان سێ منداڵە كۆڕێك و دوو كچ بە ناوەكانی سۆز و ڕۆز و یوسف. 

ئەو بۆ "وشە" دەڵێ، لە ساڵی 2020 دەستم بەكاری هونەری كرد. یەكەم ژنم لە ناو كاكەییەكان كە گۆرانیم بۆ كارەسات و نەهامەتی كاكەییەكان گوتووە، یەكەم بەرهەمم بەناوی "هاواری كاكەیی" چڕی بە شێوە‌ی ڤیدیۆ كلیپ و بەشێوەزاری ماچۆ لە بارەی نەهامەتییەكانی كاكەیی كە دەنگدانەوەی ناوخۆیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا. ئاوازی گۆرانییەكە فۆلكلۆری كاكەیی و هۆنراوەی یاسر عادل كاكەییە. 

رووبار ئەوەشی گوت، هەر لە ساڵی 2020 دووەم بەرهەمی خۆم بە شێوەی ڤیدیۆ كلیپ و بەزاراوەی ماچۆ بڵاو كردەوە بەناوی "ناسنامە"، ئاوازی گۆرانییەكە هونەرمەند ئەحمەد هەیاسە و هونراوەكەی سەید نیعمەت كاكەییە كە یەكێكە لە كەسایەتییە گەورەكانی كاكەیی، لەم بەرهەمە مەبەستم دیاریكردنی ناسنامەی كاكەییەكانە كە ئێمە كوردین و شانازیی بەكوردبوونی خۆمانەوە دەكەین، چونكە بەشێك دەیانویست ئێمەی كاكەیی بلكێنن بە مەزەو و ئاینی ترەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان. 

لە درێژەی گوتەكانی رووبار بۆ "وشە" گوتی، بۆ ساڵی 2021 كارم لەسەر سێ بەرهەمی هونەریی تر كردووە. ئەمجارەیان بەشێوەزاری سۆرانی و بادینی و بەزمانەكانی تر. بەرهەمێك بۆ هێزەكانی پێشمەرگەیە و ئاواز و هۆنراوەی هونەرمەند ئەحمەد هەیاسە، بەرهەمێك بۆ كەركووكە بە چوار زمان كوردی و عەرەبی و توركمانی و سریانی"، ئەویش ئاوازی هونەرمەند ئەحمەد هەیاسە كە پێنج شاعیر بەشدارییان تێدا كردووە، لە كورد هەریەك لە ئارام پەشێو و میرزا، عەرەبی حوسام سەبعاوی، توركمانی قەحتان بەیاتی، سریانی گۆرگیس جۆرج، لەگەڵ بەرهەمێكی تر بە شێوەزاری كرمانجی كە هۆنراوەی حەسەن فەتاح و ئاوازی ژێگر كوزۆییە.

لەبارەی بەرهەمەكانی زیاتر دەڵێ، سەرەتای كارەكانم تووشی ئەستەمیی زۆر و رووبەڕووی رەخنەی كاكەییەكان  بوومەوە كە چۆن ژنێك بەم شێوەیە دەنگی كاكەیی دەگەیەنێت، بەڵام من بە پشتیوانی هاوسەرەكەم بەردەوام بووم و گوێم بە تانە و ڕەخنەكان نەدا، توانیم لە ڕێی گورانی بۆ نەتەوەكەی خۆم هاوار و ناڵەیی كاكەیی بگەیەنم بە  ئاژانس و كەناڵە نێودەوڵەتییەكان. ئەمە جگە لەوەی میدیای كوردی زۆر گرنگی بە بابەتەكانی من دا. 

لە كۆتادا دەڵێ زۆر سوپاسی هاوسەرەكەم دەكەم كە هاندەری یەكەمم بوو، ئەگەر بڵێن "لە پشتی هەر پیاوێكی مەزنەوە ژنێكی مەزن هەیە، ئەوە من بەپێچەوانەوە هاوسەرەكەم لە پشتی سەركەوتنەكانی منەوە بوو".

دواتریش گوتی مامۆستای تایبەتی بۆ كاری هونەریم هونەرمەند ئەحمەد هەیاس و ژەنیاری كارەكانم ئیبراهیم فەتاحە.

ئا: ستار جەباری




وشە - وشه‌