خەڵكی شارێكی ئێران هێرشیان كردە سەر قایمقامیەتی شارەكە

:: PM:02:26:23/02/2021 ‌
خەڵكی شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، هێرشیان كردە سەر بارەگای قایمقامیەتی شارەكە و توانیویانە لە باڵەخانەكە بچنە ژوورەوە.

خۆپێشاندان و هێرشكردنە سەر قایمقامیەتی سەراوان كە ئەمڕۆ رووی داوە، دوای ئەوە دێت دوێنێ دووشەم هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تەقەیان لە كاسبكاران و شوفێرانی تانكەری گواستنەوەی سووتەمەنی كرد و بەهۆیەوە 10 كەسیان كوشت و ژمارەیەكی تریان بریندار كردبوو.

بی بی سی بڵاوی كردەوە، خەڵك لە تووڕەیی كوژرانی رۆڵەكانیان ئەمڕۆ هێرشیان كردووەتە سەر قایمقامیەتی شارەكە و توانیویانە لە بارەگاكە بچنە ژوورەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە چ زیانێك بە هەردوو لایەن گەیشتووە.

پێشبینی دەكرێ بەهۆی هێرشی هێزەكانی ئێران بۆ سەر كاسبكاران ژمارەیەكی زیاتر كوژرابن.

سەرچاوە فەرمییەكانی ئێران لەبارەی رووداوەكەی دوێنێ هیچ زانیارییەكیان بڵاو نەكردووەتەوە، بۆیەش پێشبینی دەكرێ  بەهۆی هێرشی هێزەكانی ئێران بۆ سەر كاسبكاران ژمارەیەكی زیاتر كوژرابن.

عەبدوڵا عارف بەڕێوەبەری یەكێك لە كەمپینە چالاكەكانی بەلووچ بە سەرچاوەكەی گوتووە، كاسبكاران  و شوفێرانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە سنوورەكە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و خۆپێشاندانیان كردووە و پاشان هێزەكانی ئێران تەقەیان لێ كردوون.

بە گوتەی ئەو چالاكە ئەمڕۆ لە سەراوان خەڵك لە پێش قەرارگای قودسی سوپای پاسدارانیش كۆ بوونەتەوە. سوپای پاسداران لە چەند ساڵی رابردوو رۆڵی هەبووە لە كۆنترۆڵی سنوورەكان و سەركوتكردنی خەڵك و كوشتنی كۆڵبەران  و كاسبكاران.



وشە - سلێمان تاشان