كێ لەپشت رێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدایە؟

:: PM:05:31:23/02/2021 ‌

لە مانگی ئاداری 2021 نزیك دەبینەوە و تا ئێستە عێراق بودجەی نییە، دەبوایە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو ئەو پڕۆژە ئامادەبووایە و هەر لە كۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵ پەسند بكرابووایە، وەك هەموو ساڵێك شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، بەڵام ئەوجارە پشكی كورد بووەتە خاڵی چەقینی یاساكە، كێ لەپشتەوەی ئەو بابەتەوەیە؟

میسال ئالووسی، سیاسەتوانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بێگومانە كە خواست و ویستی كورد بۆ رەوانەكردنی شاندی گفتوگۆكار بۆ بەغدا و چەندبارەبوونەوەی سەردانەكانیان بۆ بەغدا، سووربوونی هەرێمی كوردستانە لەسەر چارەسەری ئاشتیانە و دانایانەیە لەچوارچێوەی دەستوور و بۆ بەرژەوەندیی یەكێتی كاری ساسییە لە عێراق.
ئێران دەیەوێ هەرێمی كوردستان بكاتە كارتێكی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمەریكا
زیاتر گوتی، گومانی تیادا نییە هەركاتێك شاندەكە لە گفتوگۆكانی دەگاتە قۆناغێكی پێشكەوتوو، چەند ئاماژەیەك لە دەرەوەی سنوورەكانی عێراقەوە دێت بۆ شكستهێنان بە گفتوگۆكان و رێگرتن لە گەیشتن بە رێككەوتن، چەند مەبەستێك لەپشتەوەی ئەو بابەتەوەیە، یەكەم لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و گوشارخستنە سەر گەلی كورد و هاندانی لە سیاسەتوان و حكوومەتەكەی بۆ لێكهەڵوەشانەوەی لەناوەوە، وەك چۆن عێراق لە ناوخۆی بەغدا و ناوچەی سەوزەوە لێكهەڵوەشاوەتەوە.

ئالووسی روونی كردەوە، ئەوە لە چوارچێوەی ئەو بۆردمانە مووشەكییەویش دێت كە هەرێمیان كردە ئامانج و ئەو هەوڵە تیرۆریستیانەی لەلایەن پەكەكە یان داعش و میلیشیاكانەوە هەرێم دەكەنە ئامانج، هەموو ئەوانە یەكئامانجیان هەیە، لاوازكردنی هەرێم و كۆنترۆڵكردنی بڕیاری سیاسییە لێرە، چونكە هەرێمی كوردستان بووەتە بەردی بەربەست لەبەردەم وڵاتانی دراوسێی عێراق، كە سەقامگیری و باشیان بۆ عێراق ناوێت، بەڵكو دەیانەوێ بەسەریدا زاڵ بن.

"ئێستە ئێرانییەكان ئێمەیان خستووەتە ناو كێشەیەكی نوێوە، لە رێگای بۆردمانكردنی هەولێر و شكستهێنان بە رێككەوتنی شنگال و جێگیركردنی مووشەكی مەودای هەڕەشەكار بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە لە شنگال، هەموو ئەوانە ئاماژەی روونن بەوەی ئێران دەیەوێ هەرێمی كوردستان بكاتە كارتێكی گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمەریكا و دنیا، بۆیە پێشهاتێكی مەترسیدارە كە سیاسەتوان و پەرلەمانتارانی عێراق دەبنە ئامرازی ئێران بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی"، ئالووسی وای گوت.

ئەو سیاسەتوانە روونی كردەوە، دەمانەوێ عێراق لەوە دووربخەینەوە كە ببێتە كارتێكی گفتوگۆكان، دەمانەوێ عێراق و پرۆسەی سیاسی و هاووڵاتییان لەوە دووربخەینەوە، كەچی ئەوانەی ملكەچی ئێرانن دەیانەوێ هەرێمی كوردستان باوێنە ناو ئاگری ململانێ نێودەوڵەتی و رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، بۆیە پێویستە وریایی لە هاوپەیمانی كۆن و نوێی نێوان پەكەكە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بدەین، بەتایبەتی كەتیبەكانی حزبوڵا، ئەو هاوپەیمانییە مەترسیدارەی تەنیا خوێنڕشتنی بەدواوە بووە، چونكە ئەوان تیرۆریستن.
پێشهاتێكی مەترسیدارە سیاسەتوان و پەرلەمانتارانی عێراق دەبنە ئامرازی جێبەجێكردنی ئامانجەكانی ئێران
ئالووسی كە پەرلەمانتارێكی پێشوو و ئەمینداری پێشووی حزبی ئومەی عێراقی بووە، دووپاتی كردەوە، ئێستە ناتوانن لە پەرلەمانی عێراق یاسای بودجە بە زۆرینە و دوور لە خواستی كورد و دەنگە نیشتمانییەكان و بەرژەوەندییە باڵاكان تێپەڕ بكەن، چونكە ئەگەر بیكەن، بەڵگەیەكی سەلمێنەر پێشكەیش دەكەن بەوەی ئەوان تەنیا ئامرازن، بەوشێوەیە پەرلەمان و یاری سیاسی كۆتایی دێت.

ئەو سیاسەتوانە لیبراڵە ئاشكرای كرد، پێم وایە ئەوان دەیانەوێ یارییەكە درێژ بكەنەوە و بابەتەكە دوابخەن، بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر هاووڵاتیی كورد و هاندانی لەدژی دامەزراوە مەدەنی و سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێم، ئەوان دەیانەوێ هەرێم لەناوەوە بتەقێننەوە، تا بتوانن زیاتر دەست لە كاروباری وەربدەن، لە رووێكی ترەوە ئەگەر بەكردەنی و بە زۆرینە دەنگیان بە یاساكە دا، حكوومەت دەكەوێتە بەردەم دوو بژارەوە، یان بەو زۆرینە دروستكراوەی بە بڕیاری ئێران رازی دەبێت، بە هاوشێوەی یاسای دەركردنی هێزە ئەمەریكییەكان، یان دژی دەوەستێتەوە و پەنا بۆ بڕیاری ئاقڵمەندانە دەبات، كە بەسەر فەرمانڕەوای بەغدای دەسەپێنێت رەچاوی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و ئاسایشی خۆراكیان بكات.

"هاوكات پێم وایە دەیانەوێ بەغدا بەرەو تەقینەوە پاڵ بدەن و مستەفا كازمیش بەرەو زیاترین ئاستی شەرمەزاری، بۆیە ئێستە كازمی داواكراوە خۆی لەو بازنە تەسكە ئازاد بكات، كە ئێران و میلیشیاكانی ئەویان خستووەتە ناوییەوە و پەنا بۆ بڕیارێكی نیشتمانی ببات بۆ پاراستن و دوورخستنەوەی عێراق لە بوونی وەك كارتێكی گفتوگۆی ئێران و ئەمەریكا، بۆ ئەوەی لە هەرێم و لە پارێزگاكانی تریش باجەكەی نەدەین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل