وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌یانی ژماره حه‌وتی ساڵی 2021ی بڵاو كرده‌وه كه تایبه‌ته به ڕێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڕیاری نوێی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه له ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی 22ی ئه‌م مانگه ده‌ركراوه و به 13 خاڵ بڕیار له‌باره‌ی هه‌نگاوه پێویسته‌كان ڕوونكراوه‌ته‌وه.
له خاڵی یه‌كه‌م و دووه‌م باس له به‌رده‌وامی خوێندن له قوتابخانه و زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌و ڕێكارانه‌ی ئێسته و به ڕێكاری توندی ته‌ندروستییه‌وه. له خاڵی سێیه‌م تیشك خراوه‌ته سه‌ر بۆنه و یاده نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه بۆنه‌كان به‌رز ڕاده‌گیرین، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی هیچ كۆبوونه‌وه و گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت، داوایش له لایه‌نه سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ن كه هاوكاریان بن.
باس له‌وه‌یش كراوه، كه ژووری ئۆپراسیۆنه‌كان له پارێزگه و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن، بۆ توندكردنی ڕێكاری ته‌ندروستی به تایبه‌ت به‌ستنی ماسك و ڕێگه‌نه‌دان به گردبوونه‌وه و كۆبوونه‌وه، له خاڵی پێنجه‌میش دووپات له‌وه كراوه‌ته‌وه، كه هه‌موو چالاكییه وه‌رزشییه‌كان بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ران له یاریگه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت، هاتنی گه‌شتیارانیش له پارێزگه‌كانی تری عێراق بۆ هه‌رێم سنووردار ده‌كرێ، جیا له ئاژانس و ڕێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانان و دیپلۆماتكاران و شاندی فه‌رمی و ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی پزیشك ده‌كه‌ن.
له خاڵی حه‌وته‌م هاتووه، كه داوه‌ت و شایی و چوونه گۆڕستان و دانانی پرسه به قه‌ده‌غه‌كراوی ده‌مێنێته‌وه و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێ، به بڕی دوو ملیۆن دینار سزا ده‌درێت. نوێژكردن و ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌كان له مزگه‌وت و كڵێسا و په‌رستگه‌كان به گوێره‌ی ڕێكاره ته‌ندروستییه‌كان ده‌بێت.
له خاڵی نۆیه‌می بڕیاره‌كان هاتووه، كه وه‌زیری ناوخۆ و ته‌ندروستی و خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده و پارێزگاره‌كان و سه‌رپه‌رشتی یه‌كه كارگێڕییه‌كان بڕیاری پێویست ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر دۆخی ته‌ندروستی ڕووی له ئاڵۆزی كرد، خاڵی ده‌یه‌میش باس له پابه‌ندبوونی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی له فه‌رمانگه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كات، له خاڵی یازده‌یش دووپات له‌وه كراوه‌ته‌وه، كه ته‌نیا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌رپرسیاره له ڵاوكردنه‌وه‌ی داتا و ئاماره‌كانی تایبه‌ت به په‌تای كۆرۆنا.