سەباح موخلیس بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" ڕای دەگەیەنێت، كاركردن لەسەر مووچەی پلەباڵاكان بەردەوامە و ئەوانەی پلەی دادوەر و شارەزان، كارەكانیان تەواو بووە و ئێستە كار لەسەر مووچەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین، بەمنزیكانە كاركردن ئەمجارە تایبەت دەبێ بە پلە و ڕاوێژكارەكان و وەزیرەكان و پەرلەمانتارەكان.
دواین كاری چاكسازی لە مووچەی خانەنشینی بەكوێ گەیشتووە و كاركردنەكە چۆنە؟
ئێستە كار لەسەر مووچەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین كە نزیكەی 750 كەس دەبن، ئەوانەی دادوەرەكانیش 113 دادوەر بوون و شارەزایانیش 500 كەس بوون، لە مووچەی خانەنشینی دادوەرەكان لە ڕابردوو بە 80%ـی مووچەی خۆیان خانەنشین بوونە، بەپێی یاسای چاكسازی مووچەیان هەموار كرایەوە و بەپێی یاسای چاكسازی، مووچەیان كرایە 70% واتا 10%ـی مووچەی خانەنشینییەكەیان لابرا.
چاكسازی لە مووچەی پلەباڵاكان لە چ ئاستێكدایە؟
چاكسازی لە مووچەی پلەباڵاكان لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، ئێستە فۆڕمێكیان ئامادە كردووە و پێویستە پلەباڵاكان پڕی بكەنەوە، لەو رێیەوە دیار دەبێت كێ یاساییە و كێش نایاساییە، جگە لەوەش مووچەی هەمووان هەموار دەكرێتەوە و هەریەكە و بە رێژەیەك كەم دەبێتەوە.
كارەكانیان بەكوێ گەیشتووە؟
كاركردن لەو بابەتە وردی زۆری دەوێت و ئێمە دەمانەوێ بەشێوەیەك كارەكان بكەین، هیچ بیانوویەك بۆ كەس نەمێنێتەوە و شتەكان بەچوارچێوەیەكی تەواوی یاسایی بێت و لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا كار بكەین، ئێستە كاركردن لەسەر مووچەی پلەباڵاكان بەردەوامە و ئەوانەی پلەی دادوەر و شارەزان، كارەكانیان تەواو بووە.
لەسەر مووچەی پلەباڵاكان چۆن كار دەكەن؟
فۆڕمێكمان بۆ پلەباڵاكان ئامادە كردووە، بۆ وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكانە و زانیاریی تەواویان لێ وەردەگرین، هەندێك رەنگە كەموكوڕی لە دۆسیەكانیاندا هەبێت یان زانیارییان نەبێت، بۆیە ئەوكات دیار دەبێت كێ یاساییە و كێش نایاساییە، كە تەواویش بوو ئەوكات رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەكەین و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن و پێویستە سەرجەمیشان ئەو فۆڕمە پڕ بكەنەوە.
ئەی ئەو كەسانەی ئەو فۆڕمە پڕ نەكەنەوە ڕێكار چی دەبێ؟
هەركەسێك ئەو فۆڕمەی بۆ چوو پڕی نەكاتەوە، ئەوا بێگومان بۆ مووچەی مانگی ئادار مووچەكەی دەوەستێت و پێی نادرێ، ئەوەیش چەند ڕێوشوێنێكی هەیە، ڕەنگە كەسەكە لە دەرەوەی وڵات بێت، ئەگەر هاتەوە فۆڕمەكەی پڕ كردەوە و بەدواداچوون كرا پلەكەی شایستە بوو، ئەوا نووسراوی بۆ دەكرێ بە خەرجكردنی مووچەكەی، ئەگەرنا مووچەی دەوەستێت. ئەگەر لەناو هەرێمی كوردستانیشدا بێت و ئەو فۆڕمە پڕ نەكاتەوە، ئەوا مووچەی دەوەستێت.
لەسەر چ ئاستێك هەموارەكانی مووچەتان بەكۆتا هێناوە؟
ئەوانەی شارەزان، بەپێی یاسای مەدەنی مووچەیان هەموار كرایەوە، ئەوەی 15 ساڵ خزمەتی زیاتریان هەبێت، هەریەكە و بەپێی خزمەت مووچەی پێ دەدرێت، لەوانەش نزیكەی 4% نایاسایی بوون، ئەوانە مووچەیان پێ نادرێت و مووچەكەیان بڕاوە.
ئێوە لە پلە شارەزاكان چیتان كردووە كە جێی سەرنج بێت؟
لەو چاكسازییەی تەنیا بۆ پلە شارەزاكان كردوومانە بە سەتان ملیۆن دینار، بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێنراوەتەوە و بەو شێوەیە بەردەوامین لە چاكسازی، لە داهاتوویەكی نزیكدا دەتوانین پارەیەكی زۆر بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنینەوە و یەكسانی لە مووچە دروست بكرێت، ئەوەیش كاریگەی دەبێت بەسەر داهاتووی مووچە.
چاكسازی ئێستەی ئێوە لەسەر چ ئاستێكدایە و بۆچی؟
ئێستە كار لەسەر مووچەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكەین كە ژمارەیەكی زۆری نایاسایی تێدایە، مووچەی ئەوانەش هەموار دەكرێتەوە و پێویستە هاوشێوەی هەموو ئەو كەسانە بێت كە بە یاسایی گەیشتوونەتە ئەو پلەیە و خانەنشین كراون، ئەوانیش ژمارەیان زۆرە و پێشبینی دەكرێ پارەیەكی زۆر بۆ خەزێنەی گشتی لە مانگانە بگەڕێنرێتەوە، دوای تەواوبوونی پلە بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەست بە كاركردن لەسەر مووچەی پلەكانی تر دەكەین.
ئەوانەی دوای پلەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان كاری لەسەر دەكرێ كێن؟
ئێستە فۆڕمێك ئامادە دەكەین بۆ پلەباڵاكانی تر وەك ئاستی پلەی وەزیر و پەرلەمانتار و ڕاوێژكار، لە ئەگەری پڕ نەكردنەوەی ئەو فۆڕمە، ئەوا بۆ مانگی سێ مووچەكانیان دەوەستێت و ناتوانن مووچە وەربگرن، هەركاتێك ئەو كەسانە ئەو فۆڕمەیان پڕ كردەوە، ئەوا ئێمە دوای بەدواداچوونی ورد ئەگەر كێشەیەكی نەبوو لە مووچەكەی، ئەوا بۆی خەرج دەكرێ. بەپێچەوانەوە ئاستی مووچەكەی دادەبەزێنرێ و ئێمە بە نووسراوی فەرمی لە بوونی هەر كەموكوڕییەك بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرز دەكەینەوە، ئەوانیش بڕیار دەدەن بۆ ئەو كەسانەی كە پلەكەیان نایاساییە و دادەبەزێندرێت و لە مووچەی مانگەكانی تر بەو ئاستە مووچە وەردەگرن كەشایستەن.
كەس هەیە بە پلەی باڵا خانەنشین كرابێت و پلە وەزیفییەكەی جیاواز بێت؟
چەندان وەزیر هەن خانەنشین بوونە لە ڕابردوو و زۆربەی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیانناسن، بەڵام ئێستە كە خانەنشین بوونە، دۆسیەی خانەنشینییان هیچ خزمەتێكی تێدا نییە، ئەوانە ئاگەدار كراونەتەوە پێویستە دۆسیەی خزمەتیان بێننەوە و بۆ پەرلەمانتارانیش زیاتر لە 400 پەرلەمانتاری خانەنشین هەیە مووچەی خانەنشینییەكەیان وەردەگرن.
ژمارەی ئەو كەسانە چەندە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن؟
ئەو كەسانەی ئێستە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن ژمارەكەیان زیاتر لە 240 هەزار كەسە بە سەرجەم پلەكان بەشێوەی جیاجیا سەرجەم ئاستەكانی تێدایە.