كه‌مێك پێش ئێسته نیكۆل باشینیان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا، به پێگه‌ی
rt ڕووسی ڕاگه‌یاندووه، له وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵێكی كوده‌تا له‌لایه‌ن سوپاوه هه‌یه.
ئێسته نیكۆل باشینیان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا ئاشكرای كردووه، "ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای ئه‌رمینیا داوایان لێ كردووم ده‌ست له‌كار بكێشمه‌وه كه پێكهاتوون له 40 سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی، ئه‌مه‌یش وه‌ك هه‌وڵێكی كوده‌تای سه‌ربازییه بۆ كۆتاهاتن به ده‌سه‌ڵاته یاساییه‌كه‌م".
ڕوونی كردووه‌ته‌وه، "داوا له پشتیوانانم و ئه‌رمه‌نییه‌كان ده‌كه‌م، له ناوه‌ڕاستی شاری یه‌ریڤانی پایته‌ختی ئه‌رمینیا كۆببنه‌وه به زووترین كات، ئه‌مه‌یش بۆ پاڵپشتیكردنی ده‌بیـَ له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مه‌ده‌نی".
ئاشكرای كردووه، به فه‌رمانێك وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا، سوپاسالاری وڵاته‌كه‌م له‌كار دوور خسته‌وه.
له به‌رانبه‌ردا ئۆنیك غاسباریان سوپاسالاری ئه‌رمینیا و جێگره‌كانی ڕایان گه‌یاندووه، "بڕیاری حكوومه‌ت بۆ گۆڕانكاری له ده‌سته‌ی سه‌ربازی و لابردنی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك ئه‌ركان، هه‌نگاوێكی بێ پاساو و نابه‌رپرسانه‌یه، دووپات له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌ته‌كه‌ی نیكۆل باشینیان له ئاست به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م قۆناغه‌دا نییه."
دۆخی سیاسی و كێشه ناوخۆییه‌كانی ئه‌رمینیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 25ی شوبات، گه‌یشته لووتكه و له ڕاگه‌یانراوێكدا كه ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای ئه‌رمینیا بڵاوی كردووه‌ته‌وه، زیاتر له 40 فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی واژوویان كردووه، داوا ده‌كه‌ن نیكۆل باشینیان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمینیا و حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه.