به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق ئاشكرای كرد، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی كه له 50 هه‌زار پێكوته پێكهاتووه، له چینه‌وه ده‌گاته عێراق، له‌وبه‌شه به‌شی كوردستانیش دیاری كراوه و له‌لایه‌ن عێراقه‌وه ده‌نێرێت.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 27ی شوبات، ڕیاز حه‌لفی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی كه له 50 هه‌زار پێكوته پێكهاتووه له چینه‌وه ده‌گاته عێراق.
زیارت گوتی، "له سه‌رجه‌م كاروانه‌كانی گه‌یشتنی ڤاكسین به‌شی هه‌رێمی كوردستانیش دیاری كراوه، بڕیاریشه ڤاكسینی ئه‌سترازینیكا تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته به ته‌واوی بگاته عێراق كه پێكهاتووه له 16 ملیۆن ڤاكسین كه له دوو كۆمپانیا كڕاوه."
ڕوونی كرده‌وه، "25 نه‌خۆشخانه و 500 بنكه‌ی ته‌ندروستی له پارێزگاكانی عێراق ئاماده كراون له‌گه‌ڵ گه‌یشتی ڤاكسینه‌كه، ده‌ست به كوتانی هاووڵاتییان ده‌كرێت، هه‌موو تاكێكی عێراقی مافی وه‌رگرتنی ئه‌م ڤاكسینه‌ی هه‌یه و به‌خۆڕایی له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆیان دابین ده‌كرێت".
ئاشكرای كرد، یه‌كه‌م كه‌س كه ڤاكسینه‌كه وه‌رده‌گرن كارمه‌ندانی ته‌ندروستین، دووه‌م هێزه ته‌ناهییه‌كان و ڕاگهیاندكارانن، سێیه‌م چین به‌ساڵاچووان و ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه و له ماڵه‌وه یان له نه‌خۆشخانه‌ن، چواره‌م ئه‌وانه‌ی به‌ركه‌وته‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنان یان تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه، پێنجه‌م به ژنان و دواتر به گه‌نجان و پیاوان، به‌ڵام به خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵ ئه‌و جۆره ڤاكسینه به‌هیچ جۆرێك لێ نادرێت.
به‌پێی دوا ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق، تا ئێسته 688.698 كه‌س له عێراق و هه‌رێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه، 13.365 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و 630.178 تووشبوویش چاك بوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها 45.155 كه‌سی چالاك له نه‌خۆشخانه‌كاندا هه‌ن.