ئەمڕۆ ڤاكسین دەگات و ئامادەكاری كراوە

:: AM:08:23:28/02/2021 ‌
بڕیارە ئەو فڕۆكەیەی ڤاكسینی باركردووە بۆ عێراق ئەمڕۆ بگات و سبەی بەشی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بێتە ناردن كە بڕەكەی پێنج هەزار ژەمە و لە هەولێر سێ‌ ناوەندی دیاری كراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 28ـی شوبات، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكەمین ژەمە ڤاكسینی چینی بگاتە ناوەندەكانی پێدانی ڤاكسین لە عێراق و لەو بەشە بەشی شارەكانی هەرێمی كوردستان دابینكراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ یان درەنگانی شەو دەگاتە هەرێمی كوردستان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە "وشە" دراون تێدا هاتووە، لە شارەكانی هەرێمی كوردستان تیمی تایبەتی بە پێدانی ڤاكسین ماوەی چوار ڕۆژە ڕاهێنانەكانیان تەواو بووە و ئامادەی ئەو پڕۆسەیان هەیە.

باس لەوەشكراوە، لە سنووری هەولێر سێ‌ شوێن دابینكراوە بۆ پێدانی ڤاكسین ئەوانیش لە سەنتەری شاری هەولێر و سۆران و كۆیە و سەرەتاش تیمەكانی نەخۆشخانەی كۆرۆنا و سەنتەری پشكنینی كۆرۆنا ڤاكسینیان پێ‌ دەدرێت.

بەپێی پڕۆتۆكۆڵی تایبەتی ئامادەكراو یەكەم كەس كە ڤاكسینەكە وەردەگرن كارمەندانی تەندروستین، دووەم هێزە تەناهییەكان و ڕاگەیاندكارانن، سێیەم چین بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و لە ماڵەوە یان لە نەخۆشخانەن، چوارەم ئەوانەی بەركەوتەی ڤایرۆسی كۆرۆنان یان تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، پێنجەم بە ژنان و دواتر بە گەنجان و پیاوان، بەڵام بە خوار تەمەنی 18 ساڵ ئەو جۆرە ڤاكسینە بەهیچ جۆرێك لێ نادرێت.





وشە - رامیار جەواد