ماوه‌ی نۆ مانگه خۆپێشاندانه‌كانی ناسرییه له عێراق درێژه‌یان هه‌یه و به‌رده‌وامیش قوربانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، حكوومه‌تی عێراقیش تا ئێسته نیازی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دا ئێسته له خۆپیشاندان ده‌رچووه و سیاسییه‌كانی عێراق به دروستبوونی هه‌رێمێكی نوێی ناو ده‌به‌ن.
مالیكی و هه‌رێمی ناسرییه
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ی شوبات، نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشتری عێراق له ساڵه‌كانی (2006 بۆ 2014)، له ڕاگه‌یانراوێكدا ڕای گه‌یاند، "ئه‌وه‌ی له پارێزگای زیقار ده‌گوزه‌رێت، سه‌ره‌تایه‌كه بۆ ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمێك كه سه‌نته‌ره‌كه‌ی شاری ناسرییه‌یه. دامه‌زراندنی هه‌رێمێك له زیقاڕ له‌لایه‌ن لایه‌نی ده‌ره‌كییه‌وه پلانی بۆ داڕێژراوه. عێراق گه‌یشتووه‌ته قۆناغێك كه تێیدا نه شكۆی ده‌وڵه‌ت ماوه نه داواكاریی خۆپێشانده‌رانیش هێنراوه‌ته دی."
مسته‌فا سه‌عید ناسری گوته‌بێژی خۆپێشانده‌رانی ناسرییه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆپێشانده‌ران و هاووڵاتییانی ناسرییه، عه‌بدولغه‌نی ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی عێراق، وه‌ك پارێزگاری كاتی پارێزگای ناسرییه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه. بابه‌تی هه‌رێمیش جۆرێكی تره له‌و گاڵته‌جاڕییه‌ی كه سیاسییه شیعه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانمان بۆ ده‌سته‌به‌ر نه‌كه‌ن ئه‌م بابه‌ته‌یان دروست كردووه.
زیاتر گوتی، "ئه‌گه‌رچی به‌پێی ماده‌ی 119ـی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، هه‌موو پارێزگایه‌كی ئه‌و وڵاته مافی خۆیه‌تی داوای به هه‌رێمبوون بكات، هه‌مووانیش ئه‌وه ده‌زانن ناسرییه ببێت به هه‌رێم، ئه‌وا سه‌ره‌تای دابه‌شبوونی عێراقه".
ئاشكرای كرد، "كازمی له‌گه‌ڵ ئێمه درۆ ده‌كات، چونكه ئه‌گه‌ر بیویستایه چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان بكات، له‌بڕی پارێزگارێكی ته‌ناهی، كه‌سێكی داده‌نا كه ڕێز له سه‌روه‌ری یاسا بگرێت و ئه‌وانه‌ی خۆپێشانده‌رانیان كوشتووه سزای ده‌دان، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌ت قوڕه‌كه خه‌ستتر ده‌كاته‌وه له ئاینده‌یه‌كی نزیك ده‌بێت باجه‌كه‌ی بده‌ن".
كازمی و پاڕانه‌وه له ناسرییه‌كان
ڕۆژی شه‌موو 27ی شوبات نووسینگه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌دا ڕای گه‌یاند، "بڕیاره‌كانی ئه‌مدواییه‌ی كازمی له‌باره‌ی زیقاره‌وه، سه‌ره‌تای پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیقار."
ئاماژه‌ی دا، "داوا له خه‌ڵكی زیقار و عه‌شیره‌ته به‌ڕێزه‌كانی ده‌كه‌م هاوكاربن بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بوار به ئیداره‌ی نوێی پارێزگاكه بدرێت خزمه‌تی هاووڵاتییان بكه‌ن، بۆیه ئێمه هه‌موو پاڵپشتییه‌كی پارێزگاری نوێی زیقار و ئه‌نجوومه‌نی ڕاوێژكاری ده‌كه‌ین".
لای خۆیه‌وه ناسر تركی یاسر له‌فته په‌رله‌مانتاری عێراق له پارێزگای زیقار، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "گوشاره‌كانی خۆپێشانده‌ران هی ئێسته نییه، له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2019وه به گردبوونه‌وه هاووڵاتییان داوای مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان وه‌ك ئاوی خواردنه‌وه و كاره‌با ده‌كه‌ن، له به‌رانبه‌ردا هێزه ته‌ناهییه‌كان به فیشه‌ك وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه".
ئاشكرای كرد، "خۆپێشانده‌ران سه‌ره‌تا ویستوویانه له ڕێی سكاڵای یاساییه‌وه داوای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزه ته‌ناهییه‌كان سنووری یاسای خۆپێشاندان و مافه‌كانی مرۆڤیان تێپه‌ڕاندووه له ناسرییه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش نزیكه‌ی 400 سكاڵای هاووڵاتییان له دادگا و فه‌رمانگه به‌رپرسیارییه‌كان شكستی پێ هێنراوه".
ڕوونی كرده‌وه، پێشتر كازمی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی به سه‌رجه‌م ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی پارێزگای زیقار دابوو كه گۆڕانكاری گه‌وره بكات، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یكاته پارێزگار نه كه‌سێكی حزبییه و نه خه‌ڵكی ناسرییه، تا به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی شاره‌كه بكات، به‌ڵام ئه‌مه بۆ هۆزه‌كانی ناسرییه زۆر ئه‌سته‌مه قبووڵ بكرێت.
پاپا و زیقار
هه‌رچه‌نده به به‌رده‌وامی ئه‌ندامانی حكوومه‌تی ڤاتیكان چاودێری دۆخی عێراق ده‌كه‌ن له ڕووی ته‌ناهی و توندوتیژی و دۆخی وڵاته‌كه له گه‌شه‌كردن و به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڵام له هه‌موو دۆخێك‌دا پاپا سووره له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گه‌شته‌كه‌ی و دوانه‌خستنی بۆ جاری دووه‌م، چونكه پێشتر بڕیار بوو له 2020 سه‌ردانی عێراق بكات و به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ 2021 دواخرا. پیترۆ بارۆلین گه‌وره یاریده‌ده‌ری پاپا و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڤاتیكان دووپاتی كرده‌وه، كه پاپا ڤاكسینی دژه كۆرۆنای له مانگی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ئه‌مساڵ لێ دراوه و ئێسته‌یش دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، گه‌شته‌كه‌ی بۆ عێراق ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مه‌یش یه‌كه‌م پاپای ڤاتیكانه كه به سه‌ردانێكی فه‌رمی بگاته عێراق.
سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا ئامانجی سه‌ره‌كی بریتییه له هاندانی كریستیانه‌كان بۆ مانه‌وه‌یان له عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌یش كه كۆچی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان كردووه، چونكه له دوای 2003وه ڕێژه‌ی كریستیانه‌كان له عێراق كه پێشتر به ملیۆنێك و 500 هه‌زار ده‌خه‌مڵێنرا، ئێسته ته‌نیا بۆ 400 هه‌زار كه‌م بووه‌ته‌وه و ئه‌مه‌یش به‌مانای كه‌مبوونه‌وه‌ی زۆرتر و یه‌كجاره‌كی كریستیانه‌كان له عێراق داده‌نرێت.
17ی نیسانی ساڵی 2019 باڵوێزی عێراق له ڤاتیكان ئامال مووسا حوسێن، له دیداری له‌گه‌ڵ پۆل كالیكر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڤاتیكان ئاشكرای كرد، "پاپا خوازیاره له داهاتوویه‌كی نزیكدا سه‌ردانی عێراق بكات و پشتیوانی پێكه‌وه‌ژیانی هه‌زاران ساڵه‌ی ئاینه‌كان له عێراق بكات." به‌ڵام گه‌شته‌كه‌ی بۆ دوو ساڵی تر دواخرا. به‌هۆی خراپی دۆخی ته‌ناهی و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ناسه‌قامگیری عێراقه‌وه تا ساڵی 2021 هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه.
به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی پاپا فڕانسیس و تیمی پرۆتۆكۆڵی ڤاتیكان، بڕیاره ڕۆژی هه‌ینی پێنجی ئاداری ئه‌مساڵ بگاته به‌غدا. بڕیاریشه دواتر پاپای ڤاتیكان سه‌ردانی نه‌جه‌ف بكات و له‌گه‌ڵ عه‌لی سیستانی مه‌رجی باڵای شیعه‌كان كۆ ببێته‌وه، له‌وێوه سه‌ردانی شاری شوێنه‌واری ئووری 16 كیلۆمه‌تر له خوار شاری ناسرییه‌وه له باشووری عێراق بكات. بۆیه حكوومه‌تی عێراق هه‌رچۆنێك ده‌بێت ده‌یانه‌وێ كێشه‌كانی ئه‌و شاره تا سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا چاره‌سه‌ر بكه‌ن و هیچ بیانوویه‌ك بۆ ناله‌باری دۆخی ته‌ناهی نه‌مێنێته‌وه و ته‌واوی ناوچه‌كه بكه‌ن به سه‌رباز.
دوای ئه‌وه‌ی له ڕۆژی دووشه‌م 15ی شوباتی ڕابردووه‌وه به‌شێوه‌ی سه‌ره‌تا خۆپێشاندانه‌كان ده‌ستی پێ كرد و 22ی ئه‌م مانگه خۆپێشاندان له ناسرییه تا دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو به‌رده‌وامی هه‌بوو، واتا پێنج ڕۆژ له به‌رده‌وامی خۆپێشاندانه‌كان له شاری ناسرییه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای زیقار و كوژرانی هه‌شت خۆپێشانده‌ر و برینداربوونی 275 كه‌سی له خۆپێشانده‌ران و ھێزه‌كانی ته‌ناهی. نازم حه‌مید وائیلی پارێزگاری زیقار دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو له نامه‌یه‌كی ده‌ستنووسدا كه ئاراسته‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی كردبوو، داوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی له پۆستی پارێزگار كردبوو، دوای ڕازیبوونی كازمی، عه‌بدولغه‌نی ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی عێراق وه‌ك پارێزگاری كاتی پارێزگای ناسرییه هاته راسپاردن، ئه‌مه‌یش یه‌كه‌مین جاره له دوای ساڵی 2003وه به‌رپرسێكی سه‌ربازی بۆ پۆستی پارێزگار بێته راسپاردن.
پارێزگای زیقار، یه‌كێك له پارێزگاكانی عێراق كه‌وتووه‌ته باشووری عێراقه‌وه، ناوه‌ندی ئه‌م پارێزگایه شاری ناسرییه‌یه. به‌پێی سه‌رژمێرییه‌كانی ساڵی 2003 ژماره‌ی دانیشتووانی یه‌ك میلۆن و 472 هه‌زار كه‌س بووه.