لەگەڵ راگرتنی هاوردەی سەوزە و میوە عەلوەی سلێمانی داخرا

:: AM:09:46:01/03/2021 ‌
بازرگانانی عەلوەی سلێمانی  بڕیاریان دا لە ئەمڕۆوە هیچ بڕێك لە سەوزە و میوە نەهێنرێتە ناو عەلوەی سلێمانی و عەلوە دابخرێت، تا ئەو كێشەیەی كە بۆیان دروست كراوە چارەسەر دەكرێت. دەشڵێن، سلێمانی رۆژانە هەزار و 200 تۆن سەوزە و میوەی پێویستە و ئەگەر كێشەكەیان بۆ چارەسەر نەكرێت، رووبەڕووی كێشەی گەورە دەبێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی ئادار، سەروەر عەلی بەرپرسی سەندیكای عەلوەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بارهەڵگرەكان لە مەرزی باشماخەوە كاتێك میوە و سەوزە هاوردە دەكەن، كێشەیان بۆ دروست دەكرێت و هەڕەشەیان لێ دەكرێت و دەڕفێنرێن، دەیانەوێ كار نەكەن و بارهەڵگری تر ئەو كارە بكات. لە بەرانبەر ئەوەدا بڕیار دراوە تا ئەو كێشەیە چارەسەر نەكرێت، چیتر لە هیچ كام لە مەرزەكانی سنووری سلێمانی یەك كیلۆ سەوزە و میوەش هاوردەی عەلوە نەكرێ.

عەلوە دادەخرێت، تا لایەنی پێوەندیدار دێتە سەر خەت و بڕیار دەدات چیتر كێشە بۆ بارهەڵگرەكان دروست نەكرێت


وەك زیاتری خستەڕوو، لە ئەمڕۆوە هیچ بڕێك لە سەوزە و میوە نایەتە ناو عەلوە و عەلوە دادەخرێت، تا لایەنی پێوەندیدار دێتە سەر خەت و بڕیار دەدات چیتر كێشە بۆ بارهەڵگرەكان دروست نەكرێت و بەبێ گرفت بارەكانیان هاوردەی ناو عەلوە بكەن.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، شاری سلێمانی رۆژانە هەزار و 200 تۆن سەوزە و میوەی پێویستە، ئەگەر هاوردە رابگیرێت گرفتی گەورە بۆ شارەكە دروست دەكات و نرخ بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، بەرهەمی ناوخۆیش ئێستە سفرە و هیچ بڕێك لە پێداویستی ناوخۆ پڕ ناكاتەوە.

عەلوەی سلێمانی رۆژانە خۆراك بۆ شارەكە و ناوچەكانی دەوروبەری دابین دەكات و سەرچاوەی سەرەكی میوە و سەوزەی سنوورەكەیە، بەهۆی داخستنەوە گرفتی گەورە لە سنوورەكە دروست دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان