نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردەوە

:: AM:09:58:01/03/2021 ‌
لەگەڵ دەستپێكردنی هەفتەیەكی نوێی بازاڕی بۆرسە، نرخی نەوتیش رووی لە بەرزبوونەوە كردەوە. لە كۆتایی هەفتەی رابردوو نرخەكەی بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیبوو.

بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ دووشەم نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە  65 دۆلار و 40 سەنت دەفرۆشرێت لە كاتێكدا بە 64 دۆلار و 39 سەنت داخرابوو. هاوكات نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بە 62 دۆلار و 7 سەنت و نەوتی ئۆپێكیش چەند سەنتێك لە خوارووی  برێنت دەفرۆشرێت.

هەفتەی رابردوو نرخی نەوت تەنانەت تا نزیكەی 68 دۆلار هەڵكشا، بەڵام لە دوو رۆژی كۆتایی هەفتە بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و سەرووی سێ دۆلار لە نرخی كەم بووەوە.
نوێترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پێوەندی بەو پڕۆژە بودجەیە هەیە كە لە ئەمەریکا پەسند کرا

نوێترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پێوەندی بەو پڕۆژە بودجەیە هەیە كە لە چەند رۆژی رابردوو لە ئەمەریكا بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا پەسند كرا.

پاشەكشە پێكردن بە كۆرۆنا و بەڕێوەچوونی هەڵمەتی كوتان لە وڵاتان و ئومێدی زیاتر بۆ تێپەڕكردنی دۆخی تایبەتیی كۆرۆنا و گەشەی پیشەسازی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی داخوازی لەسەر كڕینی نەوت و ئەمەش بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێ دەكەوێتەوە. هاوكات سیاسەتەكانی ئوپێك پڵاس بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، وایكردووە پەرە بە بەهای نەوت بدات. پێشبینی ئەوە لە ئارادایە نرخەكەی بۆ سەرووی 70 دۆلار بەرز ببێتەوە.

هەفتەی رابردوو  لێكۆڵەرەوانی دامەزراوەی ئێس پی گلۆباڵ، پێشبینی ئەوەیان كرد تا كۆتایی ساڵی 2021 بڕی داخوازی لەسەر نەوت بۆ هەمان ئاستی پێش دەستپێكردنی كۆرۆنا بگەڕێتەوە. ساڵی رابردوو داخوازی لەسەر نەوت بە رێژەی 9% دابەزی، هەر ئەوەش هۆكار بوو لەوەی بەهای نەوت روو لە دابەزین بكات.



وشە - سلێمان تاشان