"وادەی دانیشتنی دەنگدان لەسەر بودجەی عێراق دیاری نەكراوە"

:: PM:05:29:01/03/2021 ‌

تا ئێستە پرسی دەنگدان لەسەر بودجەی گشتیی 2021ی عێراق وەستاوە، بەپێی زانیارییەكان لەسەر دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێم و بەغدا وەستاوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە تا ئێستە وادەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەكە دیاری نەكراوە.
پێویستە هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا پەلە بكەن لە رێككەوتن
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، تا ئێستە هیچ ئاماژە و خشتەیەكەمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە وادەی دانیشتنی دەنگدان لەسەر بودجەی 20201ی عێراق و تاوتوێكردنی بڕگەكانی بودجە كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە هاتە گۆڕین، روونی كردەوە، هەموو گۆڕانكارییەكانی لیژنەكە لە دەقی رەوانەكراوی حكوومەتی كردووە، نەچووەتە خانەی یاسا و تا ئێستە تەنیا بڕیارن و لەكاتی سازكردنی دانیشتن هەموو ئەگەرێكیان بۆ هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە داوای لە لایەنە كوردییەكان كرد كە خۆیان یەكلا بكەنەوە بەر لە راگەیاندنی وادەی دانیشتنی دەنگدان، بۆئەوەی تووشی شۆك نەبن، هەروەها داوای لە حكوومەتی بەغدا كرد هەموو ناكۆكی و كێشەكان لەگەڵ كورد چارەسەر بكات بۆ چوونە ناو پەرلەمان و تێپەڕاندنی بودجە بە كۆدەنگی.  

لای خۆیەوە محەمەد كەریم، پەرلەمانتاری شیعە پێشبینی كرد لەماوەی ئەم هەفتەیە بودجە بخرێتە دەنگدانەوەن ئەوە بە رێككەوتن یان رێكنەكەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستانەوە، چونكە دۆخەكە پێویست بە پەسندكردنی بودجە دەكات، لەبەر هۆكاری ئابووری و تەناهی و رێكنەكەوتنی هەرێم و ناوەند ئەوە ناگەیەنێت تا كۆتایی چاوەڕوان بكەین.

دووپاتی كردەوە، بۆیە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن لە دوو رۆژی داهاتوودا بودجە بدرێتە پەرلەمان و لە ماوەی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو تێپەڕ بكرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل