یەك ژەمی پێكوتەی كۆرۆنا بە رێژەی 80% كاریگەریی كۆرۆنای دابەزاندووە

:: AM:10:22:02/03/2021 ‌
ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات، وەرگرتنی یەك ژەمی پێكوتەی كۆرۆنا جا فایزەر بێ یان ئاسترازێنكا، بە رێژەی 80% رێگری لەوە كردووە كەسی تووشبوو بە سەختی ڤایرۆسەكە بگرێت و ئەوەش ئومێدە بۆ ئەوەی كاریگەرییەكانی پێكوتەكان بۆ سەر كۆرۆنا رۆژ بە رۆژ پەرە بستێنن.

توێژینەوەكە لەسەر ئەو كەسانە ئەنجام دراوە كە تەمەنیان سەرووی 80 ساڵە، لە بەریتانیا دامەزراوە تەندروستییەكان گەشبینن بەوەی لەو وڵاتە لە داهاتوویەكی نزیكدا ماڵئاوایی لە كۆرۆنا دەكرێت.

پێویستە بگوترێ لە بەریتانیا 20 ملیۆن كەس كوتراون كە دەكاتە یەك لەسەر سێی كۆی دانیشتووانی بەریتانیا. پێكوتەی فایزەر لەم وڵاتە وایكردووە رێژەی مردن لە كەسانی سەرووی 70 ساڵ بە هۆی كۆرۆنا بە رێژەی 83% كەم ببێتەوە.

زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا رێگرییان لەوە كرد پێكوتەكە لە خەڵكی سەرووی 65 ساڵ بدرێت.

بەگوێرەی بی بی سی، پڕۆفیسۆر جاناتان وەن یاریدەدەری باڵای پزیشكیی بەریتانیا گوتوویەتی، دەرەنجامەكان دەریخستووە هەنگاوەكەیان بۆ كوتانی خەڵكی بەساڵاچوو سەركەوتوو بووە، لە كاتێكدا زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا رێگرییان لەوە كرد پێكوتەكە لە خەڵكی سەرووی 65 ساڵ بدرێت.

پێكوتەی كۆرۆنا بە دوو ژەم لە خەڵك دەدرێت و ئەگەر یەك ژەمی ئەو كاریگەرییەی هەبێت، ئەوا دوو ژەمەكە بە تەواوی رێگری لەوە دەكات كەسەكە تووشی كۆرۆنا ببێت.


وشە - سلێمان تاشان