سعوودیە بۆ حەجی ئەمساڵ مەرجێكی نوێی دیاری كرد

:: AM:10:33:02/03/2021 ‌
سعوودیە بۆ حەجی ئەمساڵ مەرجێكی نوێی دیاری كردووە و بە پێی ئەو مەرجەش، كەسێك ئەگەر پێشتر پێكوتەی كۆرۆنای لە خۆی نەدابێت، ئەوا بۆی نییە لەو رێوڕەسمی ئاینیی حەج بەشداری بكات.

سعوودیە بە فەرمی ئەو مەرجەی لە رۆژنامەی عەكاز بڵاو كردووەتەوە و ئامانج لە دانانی ئەو مەرجەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، حاجییان سەلامەت بن و نەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆس بۆ یەكتر و پاشان بۆ وڵاتانی تر.

تەنیا پێنج هەزار كەس لە ناوخۆی سعوودیە بە رەچاوكردنی رێكاری توندی خۆپارێزی، رێوڕەسمی حەجیان بەڕێوە برد.


ساڵی رابردوو كە كۆرۆنا سەری هەڵدا، سعوودیە رێی بەوە نەدا هاوشێوەی ساڵانی پێشتر حەج بەڕێوە بچێت و تەنیا پێنج هەزار كەس لە ناوخۆی سعوودیە بە رەچاوكردنی رێكاری توندی خۆپارێزی، رێوڕەسمی حەجیان بەڕێوە برد. ئەمە لە كاتێكدایە ساڵێك پێشتر دوو ملیۆن و 500 هەزار كەس لە رێوڕەسمەكەدا بەشدارییان كرد.

بەگوێری ئیرنا، سعوودیە داهاتێكی زۆری لە حەج دەست دەكەوێت، بەهۆی رێگرییەكانی حەج و عەمرە لە ساڵی رابردوودا، نزیكەی 12 ملیار دۆلار زیان بەو وڵاتە كەوت.

پێویستە بگوترێ لە هەرێمی كوردستانیش بۆ ماوەیەك رێ نەدرا نوێژی بە كۆمەڵ لە مزگەوتەكان بەڕێوە بچێت، مامۆستایانی ئاینیش پێشوازییان لەو هەنگاوە كرد.


وشە - سلێمان تاشان