ئێران لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتیی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی كانزایی وەستاند

:: PM:04:02:02/03/2021 ‌
بە فەرمانی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی كانزایی وەستێنرا و ئەو هەنگاوەش بۆ ئەوەیە گوشارە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێران زیاتر نەبن و دەرفەتێك بۆ دانوستان و رێككەوتن بمێنێتەوە و سزای تر لە دژی ئێران جێبەجێ نەكرێت.

رۆژنامەی "وەتەنێ ئێمروز" كە رۆژنامەیەكی سەر بە توندئاژۆكان یان باڵی بناژۆخوازی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و داوای لە حكوومەتی رۆحانیش كردووە ئەگەر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی رێبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكیی كە لە ڤیەننا بەڕێوە دەچێت، هەر جۆرە بڕیارنامەیەك دژی ئێران پەسند بكرێت دەبێ گوێ لە فەرمانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بگرێت و وێڕای بەرزكردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ رێژەی 60%، بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی كانزاییش دەست پێ بكاتەوە.
رێككەوتنەكە نهێنییە و وردەكارییەكانی بۆ میدیاكان ئاشكرا نەكراوە.

هێشتا دیار نییە راگرتنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی كانزایی بەشێكە لەو رێككەوتنەی كە ماوەی رابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەگەڵ ئێران واژووی كرد یان نا، چونكە رێككەوتنەكە نهێنییە و وردەكارییەكانی بۆ میدیاكان ئاشكرا نەكراوە.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت مانگی رابردوو سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی سەردانی ئێرانی كرد، ئێرانی رازی كرد پاشەكشە لە هەنگاوەكانی بكات. رافائیل گرووسی سەرۆكی ئاژانسەكە بڵاوی كردەوە چاودێری و تاقیكردنەوە تەكنیكییەكان تا سێ مانگی تر درێژەیان دەبێت.

بەگوێرەی بی بی سی، بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی كانزایی بەگوێرەی رێككەوتنی ناوكیی قەدەغەیە، بەڵام ئێران دوو مانگ لەمەوبەر بڵاوی كردەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی ئەو مادەیە كردووە بۆ ئەوەی بتوانێ سووتەمەنی ناوكیی پەرە پێ بدات. ئەوكات وڵاتانی ئەوروپا هۆشدارییان دا و گوتیان ئەو مادەیە سوودی ناسەربازی نییە و تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبە.

ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك لە ساڵی 2015 لە بواری پرسی بەرنامەی ناوكیی ئێران رێككەوتن، بەڵام لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ بەهۆی نیگەرانییەكانی لەوەی رێككەوتنەكە زۆر خراپە و دەستی ئێران كراوە دەكات لەوەی دەستی بە چەكی ناوكیی رابگات، لە رێككەوتنەكە هاتە دەرەوە و تەنانەت قورسترین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند.

هەرچەندە بایدن لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی دابوو بۆ رێككەوتنەكە بگەڕێتەوە، بەڵام مەرجی ئەوەی بۆ ئێران داناوە هەنگاوی یەكەم بهاوێژێت و چالاكییە ناوكییەكانی بوەستێنێت و بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی ناوكی، بەڵام ئێران دوای ساڵێك لە كشانەوەی ترەمپ لە رێككەوتنەكە قۆناغ بە قۆناغ سەرپێچییەكانی زیاتر كردووە.
وڵاتانی ئەوروپا هۆشدارییان دا و گوتیان ئەو مادەیە سوودی ناسەربازی نییە و تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبە.

بەگوێرەی رێككەوتنەكەی ساڵی 2015، سەرجەم یورانیۆمی پیتێنراوی ئێران كە مادەیەكی سەرەكییە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی، لە ماوەی 15 ساڵدا بە رێژەی 98% كەم دەكرێتەوە و تەنیا 300 كیلۆگرامی لێ دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەشدا ئێران بۆی هەیە لە ئاستی 3.67% یورانیۆم بپیتێنێت.

هاوكات لە سەرجەم دامەزراوە ناوكییەكانی ئێران، رێوشوێنی جیاواز دەگیرێتەبەر و تا ساڵی 2023  كۆمەڵێك مەرج بەسەر ئەو دامەزراوانەدا دەسەپێنرێت، هەروەها تا ساڵی 2030 ئێران بۆی نییە لە وێستگەی "فەردو" یورانیۆم بپیتێنێت. ئەو وێستگەیە دەكرێت بە ناوەندێكی توێژینەوە كە لە ناو دڵی چیایەكدا بنیات نراوە، ئەو هەزار و 44 سانتریفوژەی كە لەو وێستگەیە دانراون بە مەبەستی بواری دەرمانی، پیشەسازی و زانستی سوودیان لێ وەردەگیرێت.

وێستگەیەكی تر بە ناوی ئەراكە كە لە جۆری ئاوی قورسە و لە پلۆتۆنیۆمی بەرهەمهێنراوی وێستگەكە مەترسی ئەوە هەبوو چەك دروست بكرێت. رۆژئاواییەكان لە سەرەتای دانوستانەكان هەوڵیان دا ئەو وێستگەیە بە تەواوی دابخەن، بەڵام ئێران رازی نەبوو. بەپێی رێككەوتنەكە، ئەو وێستگەیە بە هاوكاری وڵاتانی رۆژئاوا بەشێوەیەك نۆژەن دەكرێتەوە كە توانای بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی نەبێت و ئەو سووتەمەنییەی تێدا بەكار دەهێنرێت، بۆ دەرەوەی وڵات دەگوازرێتەوە. هاوكات ئێران تا 15 ساڵی تر بۆی نییە هیچ جۆرە راكتۆرێكی ئاوی قورس بنیات بنێت.

ئێران قبووڵی كردووە هەر شوێنێك ئاژانسەكە بیەوێت، ئەوا دەتوانێ سەردانی بكات


چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی، بەردەوام ئێران دەخەنە ژێر چاودێری خۆیان بۆ ئەوەی ئێران بە نهێنی هەنگاوی خراپ نەنێت. ئێران قبووڵی كردووە هەر شوێنێك ئاژانسەكە بیەوێت، ئەوا دەتوانێ سەردانی بكات و بیپشكنێت و هەر كاتێك ئێران ئەوەی رەت كردەوە، ئەوا لیژنەیەكی دادوەری لێكۆڵینەوەی لەبارەیەوە دەكات.

ئێران لە ساڵی 2015دا 20 هەزار سانتریفوژی هەبوو، بەگوێرەی لێكدانەوەی كۆشكی سپی، ئەو ژمارەیە لە ئامێرەكانی پیتاندنی یورانیۆم دەتوانن لە ماوەی سێ مانگدا 10 بۆمبی ناوكی دروست بكەن، بەگوێرەی رێككەوتنەكە، ئێران هەموو چالاكییەك دەوەستێنێت كە یارمەتی دروستكردنی بۆمبی ناوكیی دەدات.


وشە - سلێمان تاشان