پێنجوێن.. سەتان دار و درەخت بەمەبەست و بۆ بەرژەوەندیی تایبەت لەناو دەبرێت

:: PM:09:23:02/03/2021 ‌

لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، زیاتر لە 300 داری بەتەمەن بڕاونەتەوە و سووتێنراون، بەرپرسی پۆلیسی ژینگە ئاماژە دەكات كە رێكاری یاسایی گیراوەتە بەر و بەكارهێنانی شوێنی دارە بڕاوەكان بووەتە دیاردە، فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیش سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتباران تۆمار دەكەن.

رائید ئیسماعیل گەڵاڵی، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، بە"وشە"ی راگەیاند، بەداخەوە لە سنووری گوندی (كانی میران)ی نزیك شارۆكەی پێنجوێن، زیاتر لە 300 داری تەمەن سەروو 100 ساڵ، بۆ ئەنجامدانی كشتوكاڵ بڕاونەتەوە و سوتێنراون، ئەوەیش تاوانێكی تری دژ بە ژینگەیە، كاتێك لەلایەن چەند هاووڵاتییەكی نابەرپرس و تەنیا لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، لە چركەساتێكدا دەیان درەختی سروشتیان وا لێ كردووە.
ناكرێ هاووڵاتییان دەسكاریی داری سروشتی و دەستكردی دارستانەكان بكەن
زیاتر گوتی، راستەوخۆ دوای ئاگاداربوونی پۆلیسی دارستان چووینە شوێنی رووداوەكە و بە بڕیاری دادوەر لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەستی پێ كردووە بۆ دۆزینەوەی سەرپێچیكاران و گرتنیان، تا بەپێی یاسا سزای خۆیان وەربگرن.

بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، روونی كردەوە، بەردەوام رێنوێنیمان داوەتە هاووڵاتییان كە ناكرێ دەسكاریی داری سروشتی و دەستكردی دارستانەكان بكەن و بۆ كشتوكاڵ بەكاریان نەهێنن، چونكە  بەردەوام هێزەكانمان رووبەڕووی دادگایان دەكەنەوە.

هاوكات، سوبحان حوسێن، گوتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، بۆ "وشە"، ئاماژەی بەوە كرد، سوپاسی "وشە" دەكەین و لە سبەینێ چوارشەمەوە، لەرێگەی هۆبەی یاساییمانەوە دەست بە بەدواداچوون بۆ ئەو دیاردەیە دەكەین، ئەگەر بكەرانی دیاری كرابوون ئەوا باشە و ئەگەریش نا، سكاڵای یاسایی لە دادگای سنوورەكە تۆمار دەكەین، واتە لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ پێك دەهێنین و زانیاری كۆ دەكەینەوە.
دووپاتی كردەوە، لە رووی ئیدارییەوە پۆلیسی دارستان و ژینگە بەپرسی یەكەمن بۆ لێكۆڵینەوەی یاسایی، بەڵام فەرمانگەی ژینگەیش، مافی ئەوەی هەیە لەسەر هەر تاوان و دیاردەیەكی ژینگەیی سكاڵا تۆمار بكات.

گوتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی ئەوەیشی خستە ڕوو، بە نووسراوی فەرمی كە ئاراستەی داواكاری گشتیمان كردووە، داوامان كردووە بەپێی یاساكانی دارستان و ژینگە، بە مەبەست یان بێ مەبەست، رێگە نەدرێ پڕۆژەی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی لە شوێنی دارستانەكان ئەنجام بدرێن.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و یەكێكە لە ناوچە دەوڵەمەندەكانی هەرێمی كوردستان، لە بوونی داری سروشتی و دارستانی چڕ، تێكدانی ژینگە و بڕینەوەی دارەكانیشی، بووەتە دیاردە و بەشێوەیەكی زۆر بڵاو خەڵكی دەستیان پێ كردووە، بە ئامانجی كشتوكاڵكردن و دروستكردنی خانوو و ڤێلا و بەكارهێنانی وەك سووتەمەنی.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل