بەیانی ئەمڕۆ بە 10 مووشەك بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد)، لە پارێزگای ئەنبار كە هێزی ئەمەریكی و هاوپەیمانانی لێیە كرایە ئامانج، حكوومەتی عێراق دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد و چەند زانیارییەك ئاشكرا دەبێت، هاوكات هەریەك لە پنتاگۆن و سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی هێرشەكە دەكەن.
سەرچاوەیەكی سەربازی لە پارێزگای ئەنبار رای گەیاند كە ژمارەیەك ئەفسەر و كارمەندی سوپا و پۆلیسی عێراق گیراون و لێكۆڵینەوەیان لەبارەی هێرشەكە لەگەڵدا دەكرێت، سەرچاوەكە لەناو بنكە سەربازییەكە روونی كردەوە، لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بۆ بوونی كێشەیەك لە كاری خاڵەكانی پشكنین و بازگەكان لە رۆژهەڵات و باكوری بنكەكە هەیە، كامێراكانی چاودێری تێپەڕبوونی ئەو ئۆتۆمبێلەی سەكۆی هەڵدانی مووشەكەكانی هەڵگرتووە بێ پشكنینی لە یەكێك لە بازگە سەربازییەكان دەردەخەن، بۆیە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەو بازگەیە دەكرێت.
ئەمەریكا لەنزیكەوە چاودێری لێكۆڵینەوەكانی حكوومەتی عێراق دەكات
روونی كردەوە، ئاماژە سەرەتاییەكان روونی دەكەنەوە كە هێرشبەران ناسنامە و چادری داپۆشەریان بەكارهێناوە بۆ تێپەڕبوون لە خاڵەكانی پشكنین و بازگەكانەوە بێ ئەوەی بپشكنرێن، هەروەها دەركەوتووە ئۆتۆمبێلەكە ماوەیەك بەر لە ئێستە دزراوە و لە بەغدا سكاڵای دزینی كراوە، سەرچاوەكە زیاتر گوتی، ئێستە دەوروبەری بنكەكە داخراوە و هێزەكانی لەوێن گۆڕدراون و پارچەی كۆنكرێتی زیاتر دانراوە و رێگە نادرێت هەموو كەسێك بچێتە ناوچەكەوە، مەگەر خەڵكی گوندەكانی نزیك لەوێ نەبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا كارمەندێكی گرێبەست لەو بنكە سەربازییە بە هۆی وەستانی دڵییەوە گیانی لەدەست داوە، روونی كردەوە كە ئەوان لەنزیكەوە چاودێری لێكۆڵینەوەكانی حكوومەتی عێراق دەكەن و تا ئەوساتە هیچ راپۆرتێكیان لەبارەی بوونی قوربانی لەریزی هێزەكانی ئەمەریكا بەدەست نەگەیشتووە.
لای خۆیەوە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی هێرشەكەی عەین ئەسەد و لەمیانەی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی گوتی، ئەو جۆرە هێرشانە لەلایەن چەند گرووپێكەوە ئەنجام دەدرێت كە ئینتیمای راستەقینەیان بۆ عێراق نییە، ناكرێت لەژێر هەر ناوێكەوە پاساو بۆ ئەوجۆرە هێرشانە بهێنرێتەوە، چونكە زیان لەو پێشكەوتنە دەگەیەنێت كە لە عێراق هەیە، بۆ تێپەڕكردنی تەنگژەی ئابووری و تەناهی و گەیشتن بە سەقامگیریی.
كازمی داوای لە هێزە چەكدارەكان كرد هەڵوێستی توندیان بەرانبەر بەو گرووپانە هەبێت كە هێرش دەكەن، جا لەهەر لایەنێكەوە بن و هەر لایەنێك وا بزانێت لەسەرووی دەوڵەتە یان دەتوانێت ئەجیندای خۆی بەسەر عێراق و داهاتووی نەوەكانی بسەپێنێت، هەڵەیە.