"خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر نەبووایە پیشمەرگە لە كەركووك دەبوو و حاڵی كورد وای لێ نەدەهات"

:: PM:09:20:03/03/2021 ‌

سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دەڵێت، هۆكاری ئەو دۆخەی ئێستە بۆ كەركووك و كورد لە شارەكە دروست بووە، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە و ئەگەر خیانەتكاران نەبوونایە، كەركووك كوردستانی دەبوو و نەجمەدین كەریمیش هێشتا هەر پارێزگار دەبوو.

دیاری حوسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك و گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری سەرەكیی ئەو دۆخەی ئێستەی كەركووك، كە شارەكە و كورد تیایدا تووشی هاتوون، تەنیا خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بوو، ئەو خیانەتە وای لە كەركووك كرد.

زیاتر گوتی، ئەگەر ئەو خیانەتە نەبوایە، ئێستە پیشمەرگە لە كەركووك دەبوو و كەركووك كوردستانی بوو و حاڵی كوردەكانیش وای لێ نەدەهات، هاوكات تا ئێستەیش نەجمەدین كەریم  پارێزگار بوو، بۆیە دەبێت هەمووان ئەو راستییە بزانن.
هێرشكردنە سەر غالب محەمەد پێوەندی بە پارتییەوە نییە و لاهور جەنگی دەیەوێ ئاژاوە بنێتەوە
لای خۆیەوە شێخ سەڵاح، بەرپرسی ناوچەی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بابەتی هێرشكردنە سەر پەرلەمانتاری عێراق غالب محەمەد، دوور و نزیك پێوەندی بە پارتییەوە نییە، ئەو كەسانەیشمان كە گیرابوون، بەهۆی ئەوەی هیچیان لەسەر نەبوو ئازاد كراون.

زیاتر گوتی، ئەوەی لاهور جەنگی بانگەشەی بۆ دەكات و پارتی پێ تۆمەتبار دەكات، بۆ ئەوەیە كەیسەكە بشارنەوە و ئاژاوە لە سنوورەكە بنێنەوە، ئەگەرنا زۆر باش دەیانتوانی تۆمەتبارەكە بگرن، لەبارەی تەقەكەرەكانی سەر بارەگای ناوچەی یەكی پارتیش، شێخ سەڵاح روونی كردەوە، سێ كەس گیراون، هەرسێكیان سەر بە یەكێتین و یەكێكیان پیاوی مەحموود سەنگاوییە، ئەوان ددانیان بە تاوانەكە ناوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی لە سلێمانی دووپاتی كردەوە كە ئێستە لە هەوڵدان مادەیەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازاد بكەن، بەڵام لیژنەی یاسایی ئێمە لە هەوڵدان ئەو مادەیە پووچەڵ بكەنەوە، بۆ ئەوەی تۆمەتبارەكان ئازاد نەكرێن.

وشە/ سلێمانی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل