سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركۆنەی هێرشی سەر بنكەی عەینولئەسەد دەكات

:: PM:09:49:03/03/2021 ‌

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم بە 10 مووشەك هێرش كرایە سەر بنكەی سەربازی (عەینولئەسەد)، لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، كە هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشی تیادایە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركۆنەی هێرشەكەی كرد.

لە راگەیاندنێكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، زۆر بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشە مووشەكییە دەكەم كە ئەمڕۆ چوارشەم هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمەریكا لە بنكەی (عەینولئەسەد)ی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق كردە ئامانج و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێك گیانی لەدەست دا. سەرەخۆشی لە ماڵبات و كەسوكاری قوربانییەكە دەكەم، لەم كاتە سەختەدا هاوسۆز و هاوخەمیانم.
رێگە نەدرێت عێراق بكرێتە گۆڕەپانی پێكدادان و یەكلاكردنەوەی ململانێكان
زیاتر گوتی، دووبارەبوونەی بەردەوامی پەلامار و هێرش لەسەر هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، كە لەسەر داوای حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ پشتگیری و هاوكاریكردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراقن، بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەكانی عێراقە و ئارامی و سەقامگیریی وڵات و ئێستە و داهاتووی دەخاتە مەترسییەكی راستەقینەوە.

سەرۆكی هەرێم دووپاتی كردەوە، بێگومان عێراق لە دۆخی ئێستەیدا هێشتا پێویستی بە بەردەوامیی هاوكاری و یارمەتیدانی ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ رێگری لە بەهێزبوونەوەی داعش و لەناوبردنی یەكجارەكیی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییەی رۆژ بە رۆژ هەڕەشە و مەترسییەكەی زیاتر دەبێت و كردە سەربازی و جموجووڵە تیرۆرستییەكانی فراونتر دەبن.
"داوا لە حكوومەت و پەرلەمان و هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە و گەلانی‌ عێراق دەكەم، بەرانبەر ئەم هێرش و پەلامارانە بێنە دەنگ و رێگە نەدرێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەكان و داهاتووی ئەوان، عێراق بكرێتە گۆڕەپانی پێكدادان و یەكلاكردنەوەی ململانێكان"، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وای گوت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل